ئێران و توركیا له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى ئارد بۆ عێراق كێبڕكێ ده‌كه‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 17/02/2018‌ :: 495‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌میندارى گشتى پیشه‌سازیی خۆراكى ئێران ئاشكراى ده‌كات، وڵاته‌که‌ى سه‌رقاڵى دانوستاندنە له‌گه‌ڵ روسیا بۆ كڕینى گه‌نم، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت هه‌نارده‌ى ئارد بۆ عێراق زیاتر بكات.

كاوه‌ زرجه‌ران، ئه‌میندارى گشتى پیشه‌سازیی خۆراكى ئێران، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ى شوبات، به‌ ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رزى راگه‌یاندوه‌، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى به‌نیازن له‌گه‌ڵ روسیا واژۆ بكه‌ن، مانگانه‌ 100 هه‌زار ته‌ن گه‌نم له‌خۆده‌گرێت كه‌ ده‌كرێت به‌ئارد و هه‌نارده‌ى بازاڕه‌كانى عێراقى ده‌كه‌ن.

زرجەران، راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى دوو مانگى داهاتوودا رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ ده‌كرێت.

رونیشیكردۆته‌وه‌ "له‌ ئێستادا كێشه‌یه‌كى بچووكى داراییمان هه‌یه‌، دواى چاره‌سه‌ركردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌چێته‌ى بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

هاوكات ئاركادى زلوتشفیسكى، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى به‌رهه‌مهێنه‌رانى دانه‌وێڵه‌ى روسیا رایگه‌یاند ئێران و روسیا دانوستناندێكى فراوانیان ده‌ستپێكردوه‌ بۆ دامه‌زراندنێكى ناوچه‌یه‌كى بازرگانى ئازاد له‌ نێوانیاندا.

ئه‌م بڕیاره‌ى له‌كاتێكدا كه‌ حكومه‌تى ئێران رێگه‌ به‌ كارگه‌كانى دروستكردتى ئارد نادات كه‌ ئاردێك له‌ گه‌نمى ناوخۆ دروست كرابێت، هه‌نارده‌ی دەرەوە بكرێت.

له‌ ئێستادا توركیا بۆ هه‌نارده‌كرنى ئارد بۆ فڕنه‌كان كۆنترڵى بازاڕه‌كانى عێراق كردوه‌، ئاردى ئێرانیش له‌ چۆنایه‌تییه‌وه‌ ناتوانێت كێبڕكێى ئاردى توركى بكات، بۆیه‌ ئێران ده‌یه‌وێت گه‌نمى روسیا هاورده‌ بكات و دواى كردنى به‌ ئارد دووباره‌ هه‌نارده‌ى عێراقى بكاتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure