پۆلیس زانیاری لەبارەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکەی کەرکوک دەخاتەڕوو

هەواڵ / کوردستانی :: 17/02/2018‌ :: 392‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
درەنگانی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەرێگەی هەولێرەوە هەوڵیداوە بچێته‌ کەرکوکەوە و کەوتوەتە بۆسەی هێزە ئەمنییەکانەوە، پۆلیس بۆ یەکەم جار زانیاری لەبارەی رووداوەکە دەخاتەڕوو.


ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک ئەمڕۆ شەممە 17ی شوبات بە دواڕۆژی وت "ئەو ئۆتۆمبێلەی دەستی بەسەرداگیراوە بۆمبڕێژکراو بووە و شۆفێرەکەشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەرکوکەوە کوژراوە".

وتیشی "رووداوەکە بەڕێکەوت روینەداوە بەڵکو لەسەر زانیاری وردی هەواڵگری بووە و لەلایەن هێزی سواتی تایبەت بە نوسینگەی فەرماندەی پۆلیسەوە بۆسەیان بۆ ئۆتۆمبێلەکە داناوە لەسەر رێگەی کەرکوک هەولێر لەنزیک چێشتخانەی میدیا".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەلایەن هێزەکەوە داوا لەشۆفێرەکە کراوە لە ئۆتۆمبێلەکەی بێتە خوارەوە، بەڵام ئەو هەوڵیداوە هەڵبێت و لەلایەن هێزەکەشەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

وتەبێژی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانی پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی ئۆتۆمبێلەکەیان پوچەڵکردوەتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure