ئەمڕۆ 19 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی ئۆجەلاندا تێپەڕدەبێت

هەواڵ / کوردستانی :: 15/02/2018‌ :: 838‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژی 15ی شوباتی 1999 عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە کونسڵخانەی یۆنان لە کینیا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە و تائێستا لەزینداندایە.


عەبدوڵا ئۆجەلان، ناسراو بە ئاپۆ، لە 4ی نیسانی 1948 لە ئورفە لەخێزانێکی هەژار لەدایکبووە، حەوت برا بوون، بۆ بژێوی ژیانیان لە کێڵگەی لۆکە کاریکردوە و پاشان چووەتە بەڕێوەبەرایەتی تاپۆی دیاربەکر و ماوەی 10 ساڵ لەو بەڕێوەبەرایەتییە فەرمانبەر بووە.

سەرەتا لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی ئیستانبوڵ خوێندویەتی، پاشان خوێندنەکەی گۆڕیوە بە زانستە رامیارییەکان و لە زانکۆی ئەنقەرە بەردەوام بووە لە خوێندن، ساڵی 1973 بۆ ماوەی حەوت مانگ زیندانیکراوە بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەیەکی قەدەغەکراوی ئۆپۆزسیۆندا.

لە 24ی ئایاری 1978 هاوسەرگیری لەگەڵ قەیسەرە عەلی یەڵدرن کردوە، بەڵام دواتر هاوسەرگیرییەکان بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە.

ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لەلوبنان دامەزراند و پارتەکەش لە ساڵی 1984ەوە دژی دەوڵەتی تورکیا خەباتی چەکداری دەستپێکردوە.

ئۆجەلان ساڵی 1980 بەیەکجاری تورکیا بەجێدەهێڵێت و لە سوریا لە خەبات بەردەوام دەبێت تا ساڵی 1998 کە سوریا لەژێر فشاری تورکیادا لە وڵاته‌كه‌ى دەریدەکات.

ئاپۆ لەساڵی 1998 دەچێتە ئەوروپا بۆ ئەوەی مافی پەنابەری سیاسی وەربگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە 15ی شوباتی 1999 هەواڵگری تورکیا لە کونسڵخانەی یۆنان لە نیرۆپی پایتەختی کینیا ئاپۆیان دەستگیرکرد و بۆ دورگەی ئیمرالییان گواستەوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان، لە 28ی نیسانی 1999 بە تۆمەتی خیانەتی گەورە دادگایی كرا و دادگا لە 29ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا بە سێدارەدان سزادرا، لەساڵی 2002-ش تورکیا سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕی، ئەوەش لەژێر فشاری یەکێتی ئەوروپادا کە تورکیا دەیویست ببێتە ئەندام لەو یەکێتییە و یەکێک لەمەرجەکانیش لابردنی سزای لەسێدارەدان بوو.

لەدوای دەستگیرکردنی ئاپۆ، باره‌گاكانى پەکەکە لە تورکیاوه كشێنرایه‌وه‌ بۆ هەرێمی کوردستان و قەندیل كرایه‌ ناوه‌ندى سه‌ره‌كى.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure