پرسى كارانه‌كردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌برێته‌ په‌رله‌مانى كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 15/02/2018‌ :: 156‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، به‌هۆى جێبه‌جێنەكردنى بڕیارى كاراكردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ له‌لایه‌ن خودى په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڕەسمى یاداشتێكمان ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ بخرێته‌ كارنامه‌ى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌ و بڕیارى كۆتایى له‌باره‌وه‌ بدرێت.


تۆفیق مسته‌فا، سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان زۆرى نه‌ماوه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو نزیكبوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى ململانێى حزبییه‌وه‌ نه‌توانرا ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كارابكرێت و به‌ كاره‌كانى هه‌ستێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین جار كۆبونه‌وه‌ى حزبى و حكومى كراوه‌، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌ مه‌به‌ستى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و دۆسیه‌یه‌ یاداشتێكمان داوه‌ته‌ په‌رله‌مانتاره‌كان تابتوانن بابه‌تی پێكنه‌هاتن و كارانه‌بوونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بخه‌نه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ و له‌ 5/2/2015 له‌لایه‌ن خودى په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ بڕیاری كارابوونی  ئه‌نجومه‌نیان داوه‌ به‌ڵام تائێستا ئه‌نجومه‌نه‌کە كارا نه‌بووه‌.

سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌شى وت "له‌ ساڵى رابردوشدا به‌تایبه‌ت له‌ یادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا حكومه‌تى هه‌رێم كۆبونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى له‌ باره‌ى هه‌ڵه‌بجەوه‌ ئه‌نجامدا كه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك بڕیار له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌لكى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ركران به‌ڵام دواجار ئه‌وانیش نه‌كه‌وتنه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ته‌نانه‌ت تائێستا له‌ هه‌ندێك فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ى حكومیدا هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگا نه‌ناسێنراوه‌ بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م بابه‌ته‌ش یه‌كلایى بكه‌ینه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure