سلێمانی: هۆشدارى له‌شكستى خانووه‌ پلاستیکییه‌ كشتوكاڵییه‌کان ده‌درێت

هەواڵ / ئابوری :: 15/02/2018‌ :: 697‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف
به‌هۆی بوونی زۆری به‌رهه‌م و نه‌بوونى بازاڕ بۆ ساغ نه‌کردنه‌وه‌ی، جوتیارانی خاوه‌ن خانووه‌ پلاستیکیه‌کانی سنوری سلێمانی هۆشدارى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ پڕۆژه‌ى خانوو پلاستیكییه‌  کشتوکاڵییه‌كان شكست ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئاوڕى جدییان لێنه‌داته‌وه‌.


شێخ جه‌مالی کربچنه‌، یه‌كێک له‌ جوتیاره‌ نموونه‌ییه‌کانى سنورى پارێزگاى سلیمانى، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ڕوانگه‌ی خه‌مخۆریمان بۆ سێکته‌ری کشتوکاڵ په‌یامێک ئاڕاسته‌ی پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی ده‌که‌ین، که‌ به‌رنامه‌یه‌کی چڕ و گشتگیر دابنێن بۆ دابه‌شکردنی فره‌ به‌رهه‌می له‌ناو کێڵگه‌کانی جوتیاران".

وتیشی "ئێمه‌ی جوتیارانی سلێمانی به‌هۆی نه‌بوونی شوێن و بازاڕ بۆ ساغکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانمان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌مین، گرنگیشمان دابوو به‌ به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند به‌رهه‌مێکی دیاریکرا و جیاواز".

ئه‌و جوتیاره‌ نموونه‌ییه‌ باس له‌وه‌ش ده‌کات " وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ ده‌یه‌وێت به‌ هۆی دانانی گومرک له‌سه‌ر به‌رهه‌می ده‌ره‌کی بازاڕی ساغکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانمان دابین بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ رێگه‌یه‌کی باش نیه‌ بۆ ئێمه‌، چونکه‌ له‌وه‌رزی خۆیدا به‌رهه‌می ئێمه‌ زۆر له‌ بازاڕ زیاتره‌".

ئاماژه‌شیدا "ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی خۆجێی سلێمانی پلانێکی تۆکمه‌ دانه‌نێت، له‌کاتێکدا به‌پێی ئاماره‌کانی ژووری بازرگانی سلێمانی له‌ساڵی2017دا نزیکه‌ی 13 هه‌زار خانووی پلاستیکی هه‌بوو، به‌دووری مه‌زانن له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا شكست و نه‌مانى خانووی پلاستیکی له‌پارێزگای سلێمانی به‌چاوی خۆیان ببینن".

هاوكات سه‌عید ئیسماعیل، ئه‌ندازیاری کشتوکاڵی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کشتوکاڵی چه‌مچه‌ماڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌پێی رووپێویه‌ک که‌ ئه‌نجاممانداوه‌، له‌ساڵی 2017 دا (782) خانووی پلاستیکی هه‌بوو، که‌ له‌لایه‌ن 135 جوتیاره‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی تێدا ده‌کرێت".

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ به‌رهه‌می ساڵی 2017 ی سنوری چه‌مچه‌ماڵی بۆ دواڕۆژ، ئاشکرا کرد و وتی "ساڵی رابردوودا 4 هه‌زار و 950 ته‌ن خه‌یار و  20 ته‌ن برۆکلی و 5 ته‌ن كه‌له‌رم و 2 ته‌ن و نیو قه‌ڕنابیت، 2 ته‌ن سیر و 11 ته‌ن باینجان و 9 ته‌ن ته‌ماته‌ و 141 ته‌ن سه‌وزه‌ی جۆراو جۆر" به‌رهه‌مهێنراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure