ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى زانیاریه‌ك له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێنه‌كان ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 14/02/2018‌ :: 379‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
په‌رله‌مانتارێكى كورد رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و داواكارى گشتى عێراق ره‌تیانكردووەته‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێنه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌ حكوم درابن.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ى شوباتى 2018، لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى عێراق كۆبوونه‌وه‌.

زانا رۆستایى ئه‌ندامى كوردى په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسیارمان له‌باره‌ى چاره‌نووسى پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێنه‌كان كرد و، له‌وه‌ڵامدا فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری پیڕاگه‌یاندین كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راست نییه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ى بێسه‌روشوێنه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ حكوم درابن، به‌ڵكو بێسه‌روشوێنن و زانیاریان له‌باره‌وه‌ نییه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لێژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكى داواكارى گشتى عێراق هه‌مان وه‌ڵامى داونه‌ته‌وه‌.

زانا رۆستایى رونیشیكرده‌وه‌، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى عێراق داوایكردووه‌ زانیارییه‌كان له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێنه‌كانیان بۆ بنێردرێت بۆ ئەوەی به‌دواداچوونى زیاتر له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق بۆ پێشمه‌رگه‌كان بكه‌ن.

له‌ ئاكامى شه‌ڕى سێ ساڵه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانى داعش، 63 پێشمه‌رگه‌ بێسه‌روشوێن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure