"یه‌كه‌مینه‌" له‌ عێراق.. پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە دوكان جێبەجێدەكرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/02/2018‌ :: 5985‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، سامان قوبادی
كۆمپانیای زەریا پڕۆژه‌یەكی گەشتیاری لە دەریاچەی دوكان جێبەجێدەكات، كە پێكدێت لە چەندین یاری ئاوی جیاواز، بەپێی وتەی سەرپەرشتیارانیشى بۆ یەكەمجارە ئەم جۆرە یاریانە دەهێنرێنە عێراق، بڕیاریشە لە پێش نەورۆزی ئەمساڵ پڕۆژەكە بە رووی گەشتیاراندا بكرێتەوە. 


پڕۆژه‌كه‌ له‌ سه‌یرانگاى دوكان (دوكانى سه‌ره‌وه‌) ئه‌نجامده‌درێت و، چه‌ندین یارى جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت.

هێرۆ حەسەن، بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن لە هۆتێل گراند میلنیۆم و یه‌كێك له‌ سه‌رپه‌رشتیارانى پڕۆژه‌كه‌ بە دواڕۆژی راگەیاند، لە سەرەتای وەرزی بەهاردا و بۆ پێش نەورۆز پڕۆژەیەكی گەشتیاری كە خۆی لە چەند یارییەكی ئاوی جیهانیدا دەبینێتەوە دەیهێنینە دەریاچەی دوكان.

وتیشی "یارییەكان پێكدێن لە (Banana boat ,Peraselling, Jet sking, Paddling) كە چەندین یاری ئاوی جیاوازە و بۆ یەكەمجارە دەهێنرێنە عێراق، سەرجەم یارییەكان ئەوروپین، سەرجەمیشیان لە قوڵایی دەریاچەی دوكاندا لەلایەن ستافێكی تایبەتمەندەوە كاریان پێدەكرێت و راهێنانیش بە گەشتیار دەكەن".
  
بیرۆكەی پڕۆژەكە لەوەوە دروستبووه‌ كه‌ ساڵانە گه‌شتیارێكى زۆر لە ناوچە جیاوازەكان بەتایبەت ناوچەكانی ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق روودەكەنە سلێمانی و سەیرانگای دوكان، به‌ڵام ماوه‌یه‌كى كه‌م ده‌مێننه‌وه‌ به‌هۆى نه‌بونى پڕۆژه‌یه‌ك كه‌ گه‌شتیاران بهێڵێته‌وه‌.

هێرۆ حەسەن، "ئه‌وه‌شى وت، گه‌شتیاران رۆژێك یان چه‌ند رۆژێكى كه‌م له‌ دوكان ده‌مێننه‌وه‌، بەهۆی ئەوەی یاری یان پڕۆژەیەكی گەشتیاریی تێدا نییە تا كاتێكی خۆشی لەگەڵ بەسەربەرن، بۆیە ئەگەر ئەم یاریانەی تێدابێت گەشتیار ماوه‌یه‌كى زیاتر دەمێنێتەوە".

باسی لەوەشكرد، ئامانج لە پڕۆژەكە راكێشانی گەشتیاری زیاترە بۆ ئەو ناوچە گەشتیارییە، بەوپێیەی یەكەمجارە پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە لە عێراقدا جێبەجێبكرێت، بۆیە وا چاوەڕوان دەكرێت كاریگەریی زۆر باشی هەبێت لەسەر بواری گەشتوگوزار و هاتنی خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكانی خواروو، جگه‌ له‌وه‌ى رەنگە بە هۆتێل و ریستۆرانتەوە نزیكەی 100 هەلی كار دابینبكرێت.

جگە لە هێنانی ئەم یارییانە بۆ دوكان، لەهەمانكاتدا بەمەبەستی دابینكردنی شوێنی مانەوەی گەشتیار، ئوتێل ئاشور لە دوكان كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ كراوە و بەچەندین خزمەتگوزاری نوێیەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەكات.

هیوا حەمەخان، بەڕێوەبەری دارایی هۆتێلەكانی فاروق لە سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی "بڕی تێچووی سەرجەم یارییەكان 150 هەزار دۆلارە، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەركەوتن بەدەستبهێنێت لەداهاتوودا گەشەی زیاتری پێدەدرێت و چەندین یاری جیهانی نوێ كە لە عێراقدا نین دەهێنینە دەریاچەی دوكان".

ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای زەریاوە جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن ئیدارەی هوتێلەكانی فاروقەوە بەڕێوەدەبرێت.

بەڕێوەبەری دارایی هۆتێلەكانی فاروق باسی لەوەشكرد، پێشبینی هاتنی رێژەیەكی باش لە گەشتیار دەكەین بۆ ئەو ناوچەیە، بۆیە هۆتێل ئاشورمان بەتەواوی نۆژەنكردووەتەوە و بە چەندین خزمەتگوزاری نوێوە پێشوازی لە گەشتیاران دەكەین. 

وێنەی نمونەی بەشێک لە یارییەکان:



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە