شه‌پۆلێكى بارانبارین روو لەهەرێم دەکات كه‌ ئه‌گه‌رى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى ئاوى لێده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/02/2018‌ :: 3647‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم ئاشکرایده‌كات، له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا شه‌پۆلێكى باران و به‌فربارین ڕوو له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.


له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14 شوبات، بڵاویكردۆته‌وه‌ بەڕێوەبەرایەتیی گشتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم، ڕایده‌گه‌یه‌نێت "له‌ ئێواره‌ى رۆژى هه‌ینى رێككه‌وتى 16 شوبات، نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆیەکی ده‌ریاى سوور كارده‌كاته‌سه‌ر ناوچه‌كانى باشوورى هه‌رێم و ئیداره‌ى گه‌رمیان و ناوه‌ڕاستى عێراق، بارانبارین به‌ ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌بارێت، پاشان بارانبارین روو له‌ ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم ده‌كات".

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، رۆژانى شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو كاریگه‌رى ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌سه‌ر هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت، پێشبینیش ده‌كرێت رۆژى یه‌كشه‌ممه‌، زۆرترین ڕێژه‌ى بارانبارین له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى (پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك) ببارێت، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش ده‌بێته‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى ئاو".

كه‌شناسى هه‌رێم له‌باره‌ى كاریگه‌رى شه‌پۆله‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌شى ئاشكراكردووه‌، له‌ ماوه‌ى كاریگه‌رى ئه‌م شه‌پۆلەدا پێشبینى به‌فربارینیش له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سنوورییه‌كان ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ نزمبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما و زیادبوونى خێرایى با له‌هه‌ندێك كات بۆ سه‌رووى 30 كم له‌ كاتژمێرێكدا، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌رى دروستبوونى هه‌وره‌ تریشقه‌ش هه‌یه‌.

به‌پێى پێشبینیه‌كه‌ى كه‌شناسى هه‌رێم كه‌ لە راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو 19ى شوبات، له‌كاته‌كانى شه‌ودا كاریگه‌رى ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌سه‌ر هه‌رێم لاواز ده‌بێت و رۆژى سێشه‌ممه‌ى داهاتووش 20 شوبات كۆتایی دێت.

له‌باره‌ى ڕێژه‌ى بارنبارینى پێشبینیكراو له‌كاتى شه‌پۆله‌كه‌دا كه‌شناسى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، پێشبینیده‌كرێت له‌ ماوه‌ى هاتنى ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌، ڕێژه‌ى بارانبارین بگاته‌ سنوورى 100 ملم.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure