وردەکاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکەرکوک

هەواڵ / کوردستان :: 13/02/2018‌ :: 2552‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
بۆ ماوەیەک ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نيشتيمانى كوردستان هەڵکرا لەکەرکوک بەڵام دواتر لادراوە، یەکێک لەبەرپرسەکانی ئەو حزبەش دەڵێت "من ئاڵاکەم بەرزکردووەتەوە".


لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کە هێزە عێراقییەکان لەکەرکوک جێگیربوون، ئەوە بە یەکەم جار دادەنرێت کە ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگایەکی حزبە کوردستانیەکان هەڵبکرێت.

غەفور ساڵح، یەکێک لە جێگرانی لێبرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ی شوباتی 2018 بە دواڕۆژی وت "ئەمڕۆ بڕیارمدا ئاڵای کوردستان هەڵبکەم لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی، چونکە ناکرێت ئاڵای نەتەوەیی کورد لەشارێکی وەکو کەرکوک قەدەغەبکرێت".

وتیشی "لەهەڵکردنیدا پرسم بەهیچ بەرپرس و لایەنێک نەکردووە و سەربەخۆیانە وەکو کوردێک ئەو کارەم کردووە، بەڵام دواتر لادراوە".

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەستی دواڕۆژ کەوتووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاڵای کوردستان لەسەر بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکەرکوک هەڵكرا و ئەوەش کاردانەوەی جیاوازی خەڵکی شارەکەی لێکەوتوەتەوە.

دواڕۆژ زانیویەتی کە بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی رەچاوی دۆخەکەیان کردوە و بڕیاریانداوە ئاڵاکە لابدەن.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بە دواڕۆژی وت "منیش ئەو هەواڵەم لەخەڵکی دیکەوە بیستووە و ئاگاداری ئەوەنیم ئاڵای کوردستان هەڵکرابێت".

وتیشی "پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانمان تاوتوێنەکردووە و ئاگاداری هیچ بڕیارێکیش نیم لەو بارەیەوە".

هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لەدوای گرتنەدەستی مەلەفی ئەمنی کەرکوک تەواوی ئاڵای کوردستانیان لە شەقامەکانی کەرکوک خستەخوارەوە و چەندین کەسیشیان لەسەر هەڵکردنی ئاڵا روبەڕووی لێکۆڵینەوە و دادگا کردوەتەوە.

لەدوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەکەرکوک، یەکێتی لەبارەگاکانی خۆیدا مایەوە و لەئێستاشدا بەتەنیا ئاڵای حزبەکە لەسەر مەڵبەند و کۆمیتەکان دەبینرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure