چوار ساڵە نەخۆشخانەیەكی 40 قەرەوێڵەیی جێهێڵراوە

هەواڵ / کوردستان :: 13/02/2018‌ :: 594‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
ماوەی چوار ساڵە نەخۆشخانەیەكی 40 قەرەوێڵەیی لەسنوری ناحیەی بیارەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە تەواوكراوە، بەڵام بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشك و كارمەندی تەندروستییەوە نەتوانراوە سودى لێوەربگیرێت.


د. هونەر جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئەو نەخۆشخانەیەی كە دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی ناحیەی بیارە لەڕووی هەیكەلی بیناوە هەموو كارەكانی تەواوكراوە و ماوەی چوار ساڵە رادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە كراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە پزیشك و كارمەندی بۆ دابمەزرێنرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو نەخۆشخانەیە 40 قەرەوێڵەییە و پێویستیشی بە دامەزراندنی 156 پزیشك و كارمەندی تەندروستی هەیە و ئەگەر ئەو ژمارە پزیشك و فەرمانبەرەشی بۆ دابمەزرێت، ئەوا بەشێوەی 24 كاتژمێری دەوامی تێدا دەكرێت، هاوكات چەندین هەوڵمانداوە بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەكە و ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندییان دربڕیوە بۆ دامەزراندنيان، بەڵام بە بیانوی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست وەزارەتی دارایی رەزامەندی دەرنەبڕیوە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی وت "نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیایی كە لەماوەیەكی نزیكدا دەكرێتەوە و هەوڵەكانمان بۆ نەخۆشخانەی بیارەش هەر بەردەوام بووە، چونكە نەخۆشخانەی بیارە پێشكەوتووە و چەند بەشێكی وەك یەكەی فریاكەوتن، نەشتەرگەری بچوك، تیشك، مناڵبوون، لەخۆدەگرێت، بۆیە هاوڵاتیانی سنورەكە و گەشتیارانیش سودێكی زۆری لێدەبینن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە