لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق هەرێمی کوردستان پشتگوێخراوە

هەواڵ / ئابوری :: 13/02/2018‌ :: 335‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران رایدەگەیەنێت، لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت "فێڵ" لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و ده‌شڵێت، به‌غدا دژایەتی ئابووری کوردستان دەکات. 


یاسین مه‌حمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ى شوباتى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند، جگە لەوەی کوردستان بەفشار بەشداری کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراقی لە کوێت كردووه‌، "به‌ڵام فێڵ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە تەواوی ئەو پڕۆژانەی لەو کۆنفرانسەدا دەخرێتەڕوو (رێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، كارەبا، پاڵاوگه‌، هێڵى شەمه‌ندەفه‌ر.. هتد) تەنها تایبەتە بەعێراق جگە له هەرێمی کوردستان".

وتیشی "ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن وڵاتانی كۆمەكبەخشەوه کۆکراوەتەوە تایبەت دەكرێت بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا کاولکراون".

دوێنێ کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق له‌ كوه‌یت به‌ به‌شدارى 70 وڵات دەستیپێکرد و تا سبه‌ى چوارشەممە بەردەوام دەبێت.

وته‌بێژى یه‌كێتى وه‌به‌رهێنه‌ران رونیشیکردەوە، هەرچەنده وەفدەكەى کوردستان پێكهاتووه له كەسانى شارەزا و به توانا (دوو وەزیر و سێ پارێزگار و سێ سەرۆک ژووری بازرگانی) و چەند کۆمپانیایەک، به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌ شارەكانى ترى عێراق رێژەی بەشداریبونمان لە سەدا سێ تیپەڕناکات، بەڵام ناوى هه‌رێمى كوردستان له هیچ شوێنك نەهاتووه، هه‌روه‌ها سەرەڕای کەمی بەشداریکردنی بازرگان و وەبەرهێنەرانی کوردستان، به‌ڵام کێشە بۆ بازرگانانی کوردستان کە بەشدارن له‌ کۆنفرانسەکە دروستدەکرێت.

لەبارەی ئەرکی دەستەی وەبەرهێنان و یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، یاسین مه‌حمود ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "دەستەی وەبەرهێنانی عێراق به‌ دەیان پڕۆژەی ستراتیژییەوە بەشدارە، بەڵام کوردستان نەک پڕۆژەی نیە بەڵکو دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان بەشدارنییە و یەک پڕۆژەشمان لەوێ ناخرێتەڕوو، جگە لەوەی حکومەتی  عیراق وازناهێنێت لە دژایەتیکردنی ئابووری کوردستان".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure