حكومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت چاویان له‌ ده‌ستى دوو ملیۆن گه‌شتیاره‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/02/2018‌ :: 364‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
وته‌بێژى ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، پلانیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 2 ملیۆن گه‌شتیار بهێننه‌ هه‌رێمى كوردستان و داهاتیش بۆ 5 ملیار دینار به‌رزبكه‌نه‌وه‌، هاوكات سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاریش ده‌ڵێت "سه‌رمایه‌داره‌كان خاوه‌نى پڕۆژه‌ى گه‌شتیارین و په‌ره‌یانپێداوه‌ نه‌ك حكومه‌ت". 


نارد رۆستى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى گشتى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "پلانی گه‌شتوگوزار له‌ 2017دا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێكراوه‌ و ژماره‌ی گه‌شتیاران به‌ 2 ملیۆن پێشبینى كرابوو، به‌ڵام به‌ رێژه‌ی 30% زیاتر بوو، بۆ 2018 یش ئامانجمان زیادكردنى ژماره‌ی گه‌شتیارانه‌ بۆ 2 ملیۆن و500 هه‌زار. 
هه‌روه‌ها زیادكردنی داهاتیش‌ بۆ5 ملیار دینار. به‌هه‌مانشێوه‌ زیادكردنی ژووری ئوتێل به‌ رێژه‌ی له‌ 5%".  

به‌پێى وته‌ى سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ته‌نها سه‌رمایه‌داره‌كان توانیویانه‌ په‌ره‌ به‌ پرۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان بده‌ن و "حكومه‌ت خاوه‌نى یه‌ك پرۆژه‌ى گه‌شتیارییش نییه‌.

عومه‌ر عینایه‌ت، سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دواڕۆژ وتى "ئه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم نییه‌ پێشوازى له‌ گه‌شتیار ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییانه‌یه‌ كه‌ سه‌رمایه‌داره‌كانى كوردستان دروستیان كردووه‌ و خاوه‌نین. هه‌ر ئه‌وان ده‌توانن پێشوازیى له‌ گه‌شتیار بكه‌ن و سوودمه‌ند بن له‌ داهاته‌كه‌ى، حكومه‌ت ته‌نیا سوودمه‌ند ده‌بێت له‌و داهاته‌ى كه‌ له‌ هاووڵاتیانى بیانى له‌ ده‌ره‌وازه‌كان وه‌رده‌گیرێت كه‌ بڕه‌كه‌ى 25 هه‌زار دیناره‌، جگه‌له‌وه‌ داهاتى راسته‌وخۆ بۆ كه‌رتى تایبه‌ت و خاوه‌ن شوێنه‌ گه‌شتیارى و میوانخانه‌ و ریستۆرانته‌كانه‌، ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆى جووڵاندنى بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و زیادبوونى داهاتى خه‌ڵك و كه‌رتى تایبه‌ت".

سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان وتیشى "له‌ هه‌رێمى كوردستاندا شتێك نییه‌ به‌ناوى پیشه‌ى گه‌شتیارى، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار چه‌ندین كۆنفرانسیان له‌م بواره‌دا به‌ستووه‌، تائێستا لیژنه‌كه‌ى ئێمه‌یان بانگشێت نه‌كردووه‌، بۆیه‌ هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوانماندا نییه‌ و ئاگادارى پلانه‌كانى ئه‌وان نین، پێشموایه‌ حكومه‌ت خاوه‌نى هیچ جۆره‌ پرۆژه‌یه‌كى گه‌شتیاریى نییه‌، به‌ڵكو سه‌رمایه‌داره‌كان توانیویانه‌ په‌ره‌ به‌م كه‌رته‌ بده‌ن".

به‌پێى وته‌ى عومه‌ر عینایه‌ت "زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى دێنه‌ هه‌رێم گه‌شتیار نین له‌به‌رئه‌وه‌ى پاره‌یه‌كى ئه‌وتۆ خه‌رج ناكه‌ن، گه‌شتیار كه‌ ده‌چێته‌ هه‌ر وڵاتێك به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ ده‌بێت پاره‌ى شه‌وانه‌ى ئوتێل بدات، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى دێنه‌ هه‌رێم تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى گه‌شتیاریان تێدا نییه‌، چونكه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كى ئه‌وتۆ خه‌رج ناكه‌ن بۆ ئوتێل و موانخانه‌كان".

به‌هۆى بوونى چه‌ندین سه‌یرانگه‌ و شوێنى گه‌شتیاریى سه‌رنجڕاكێش، ساڵانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزى به‌هاردا رێژه‌یه‌كى زۆر گه‌شتیار له‌ ناوچه‌كانى خوارووى عێراق و وڵاتانى دراوسێ روو له‌ پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌ن، به‌رپرسانى بواره‌كه‌یش چاوه‌ڕێن ژماره‌ى گه‌شتیار له‌ سلێمانى زیاتر بێت له‌چاو پارێزگاكانى ترى هه‌رێم.  

كه‌رتى تایبه‌ت خاوه‌نى زۆربه‌ى پڕۆژه‌كانى بوارى گه‌شتیارییه‌ و كۆمپانیاكان تاكه‌ لایه‌نن له‌ئێستادا بۆ گه‌شه‌پێدانى ئه‌م بواره‌، گراند میلنیۆم وه‌ك  یه‌كێك له‌ هۆتێله‌ به‌ناو بانگه‌كانى عێراق پلان و به‌رنامه‌ى بۆ وه‌رزى گه‌شتوگوزار هه‌یه‌ و دۆخى دارایشى له‌به‌رچاوگرتووه‌. 

له‌مباره‌یه‌وه‌ هیرۆ حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى به‌ بازاڕكردن له‌ هۆتێل گراند میلنیۆم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "وه‌ك هۆتێل گراند میلنیۆم بۆ وه‌رزى گه‌شتوگوزار ئاماده‌كاریی ته‌واومانكردووه‌ بۆ پێشوازى له‌ گه‌شتیارانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى عێراق".

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى به‌ بازاڕكردن له‌ هۆتێل گراند میلنیۆم وتیشى "بۆ ئه‌مساڵ نرخى سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ گراند میلنیۆم گونجاون، ئه‌مه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنى دۆخى دارایی، هه‌ر له‌ درێژه‌ى ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ چه‌ندین یارى جیاوازى ناو ئاو له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌هێنینه‌ ده‌ریاچه‌ى دوكان، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار كارێكى له‌و شێوه‌یه‌ بكرێت له‌و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌دا".. 

هاوكات مسته‌فا حه‌مه‌ڕه‌حیم به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى گه‌شتیاریى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گه‌شتوگوزارى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردووه‌ بۆ وه‌رزى گه‌شتوگوزار، به‌تایبه‌ت بۆ نه‌ورۆز، به‌ڵام له‌ بارودۆخێكدا ده‌ژیین هه‌ر گۆڕانكارییه‌كى سیاسى یان ئه‌منى له‌م ناوچه‌یه‌دا رووبدات كاریگه‌ریى خراپى ده‌بێت له‌سه‌ر هاتنى گه‌شتیار".

به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى گه‌شتیاریى سلێمانى وتیشى "له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا به‌هۆى پشوو له‌ ناوچه‌كانى خوارووى عێراق، ژماره‌یه‌كى زۆر گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگاى سلێمانى كردووه‌، بێگومان له‌ بۆنه‌یه‌كى وه‌ك نه‌ورۆزدا چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین ژماره‌ى هاتنى گه‌شتیار بۆ پارێزگاى سلێمانى زیاتر بێت له‌ پارێزگاى هه‌ولێر، چاواڕوانده‌كرێت زیاتر له‌ 100 هه‌زار گه‌شتیار، ته‌نها له‌ نه‌ورۆزدا، بێته‌ سلێمانى".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure