ئەو وەفدەی بۆ كێشەكانی خورماتوو چووە بەغدا بەڵێنێك وەردەگرێت

هەواڵ / کوردستان :: 12/02/2018‌ :: 264‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری، دەشتی ئەنوەر
وەفدە جەماوەرییەكەی قەزای خورماتوو بۆ بەغدا رایدەگەیەنێت "بەڵێنی مانەوەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرامان پێدرا".


مەلا هاوار داودەیی سەرۆكی وەفدە جەماوەرییەكەی خورماتوو بۆ بەغدا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی شوبات بە دواڕۆژ ی وت "لەسەردانەكەماندا لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان كۆبوینەوە و داوامانكرد هەرچی زووە ئەو لیژنەیە دەستنیشانبكرێت كە كاریان لێكۆڵینەوەیە لەرووداوەكانی قەزاكە تاوەكو قەرەبووی زیانلێكەوتووان لەبودجەی ئەمساڵ بكرێتەوە".

وتیشی "لەگەڵ حاكم زاملی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران پرسی ئەمنی خورماتوو و مانەوەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرامان لەشارەكە تاوتوێكرد و ناوبراویش بەڵێنی پێداین كە تا ئەو كاتەی بەتەواوەتی دۆخەكە هێوردەبێتەوە ئەو هێزە لەقەزاكە نەكشێننەوە".

سەرۆكی وەفدەكەی كوردی خورماتوو ئەوەشی خستەڕوو كە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەتەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە كە بەرگریكاری مافی ئەو هاوڵاتییانە بن زیانیان بەركەوتووە، تاوەكو لەڕێگەی یاساوە كاربكرێت بۆ تەرخانكردنی بڕە پارەیەك لەبودجەی ئەمساڵ بۆ ئەوەی قەرەبوبكرێنەوە.

مەلا هاوار ئەوەشی وت "بڕیارە چاویان بكەوێت بە وەزیری ناوخۆی عێراق و ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی پەرلەمان".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure