مانگانه‌ لە کەرکوک 500 ملیۆن دینار له‌ هاوڵاتیان كۆده‌كرێته‌وه‌و دیارنامێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 14/02/2018‌ :: 585‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیماد جەباری
مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بەناوی "هاوكاری شارەوانی" لەهاوڵاتیانی كەركوك كۆدەكرێتەوە، گومانیش لە شێوازی خەرجكردنی ئەو پارەیە ده‌كرێت، بەتایبەت كە ئەو كۆمپانیای ئەركی پاككردنەوەی شارەكەیە بەهۆی پابەندنەبوونی ئیدارەی كەركوك بەپێدانی شایستە داراییەكانی هۆشداری داوە لەبارەی راگرتنی كارەكانی".


ماوەی ساڵێكە بەبڕیارێكی ئیدارەی كەركوك بڕە پارەیەك لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت لەگەڵ پێدانی كرێی موەلیدە ئەهلییەكان، لەسەرەتادا 2 هەزار دیناربوو، بەڵام ئێستاكە كراوەتە هەزار دینار و لەلایەن خاوەنی موەلیدەكەوە كۆدەكرێتەوەو دەدرێت بەشارەوانی.

هەر بەپێی ئەو بڕیارەی ئیدارەی كەركوك هەر ماڵێك پابەندنەبن بەپێدانی ئەو بڕە پارەیە ئەوە خاوەنی موەلیدەكە سەرپشك كراوە لەبڕینی كارەباكەی.

سابر هادی، سەرۆكی موەلیدە ئەهلییەكانی كەركوك بە دواڕۆژی وت "ئەو پارەیەی لەهاوڵاتیان كۆدەكرێتەوە بەناوی هاوكاری شارەوانییەوە لەپای كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لەشارەكە، دیاریكراو نییە، چونكە بەپێی مانگەكان گۆڕانكاری لەبڕەكەیدا روودەدات".

وتیشی، مانگانە 500 بۆ 600 ملیۆن دینار كۆدەكرێتەوە، بەشێوەیەك بۆ هەر سەد كەیڤییەك 2 هەزار دینار دەدرێتە ئیدارەی كەركوك.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە دوای كۆكردنەوەی پارەكە لەلایەن موەلیدەی گەڕەكەكانەوە، رادەستی كەرتەكانی شارەوانی كەركوك دەكرێت.

ئیدارەی كەركوك لیژنەیەكی پێكهێناوە تایبەت بەكۆكردنەوەی ئەو پارەیەی وەك هاوكاری شارەوانی لەهاوڵاتیان كۆدەكرێتەوەو مانگانەیش ئەو لیژنەیە بەهەمەهەنگی لەگەڵ شارەوانی كەركوك ئەو پارەیە كۆدەكەنەوە كە بەسەر 6 كەرتی شارەوانیدا دابەشكراوە.

نزیكەی 750 موەلیدە ئەهلی لەناوچە جیاوازەكانی سەنتەری شاری كەركوك دانراون و كارەبا دابیندەكەن بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ كرێی ئەمپێرەكاندا كە لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە دەستنیشاندەكرێت بڕی هەزار دینار لەهەر ماڵێك وەردەگیرێت.

لەساڵی 2011وە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كەركوك گرێبەستێكی كردووە لەگەڵ كۆمپانیای خالید شنگی بۆ پاككردنەوەی شارەكە.

سەردار عەلی، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك بە دواڕۆژ ی وت "مانگانە پێویستە 800 ملیۆن دینار بدرێتە كۆمپانیای خالید شینگی كە كاری پاككردنەوەی شارەكە دەكات بەڵام ماوەی 10 مانگە پارەی مانگانەی وەرنەگرتوە".

وتیشی، مانگی رابردوو 300 ملیۆن دیناری پێدراوە لەپێناو ئەوەی كارەكانی رانەگرێت، چونكە ئیدارەی كەركوك زیاتر لە 13 ملیار دینار پارەی كۆمپانیاكەی لایە.

مانگانە ئەو لیژنەیەی تایبەتە بە كۆكردنەوەی پارەكە لەموەلیدە ئەهلییەكان، بڕە پارەكە رادەستی خەزینە پارێزگا دەكات، كە لەناو لیژنەكەدا هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نییە و راستەوخۆ لەلایەن راكان سەعید جبووری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت سەرپەرشتی دەكرێت.

هەرچەندە ئیدارەی كەركوك بیانوی بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەهاوڵاتیان بۆ پێدانی شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیای خالید شنكییە كە ئەركی پاككردنەوەی شارەكەیە، بەڵام لەماوەی چەند مانگی رابردوودا كۆمپانیاكە چەند جارێك هەڵوێستی وەرگرتووە لەبەرامبەر پێنەدانی شایستەكانی تاوەكو كار گەیشتوەتە ئەوەی هەڕەشەی راگرتنی ئیش و كارەكانی بكات.

عومەر سەعید رەزا، بەڕێوەبەری كارگێڕی كۆمپانیای خالید شینكی بە دواڕۆژ ی وت: ئیدارەی كەركوك نزیكەی ساڵێكە مانگانە بڕی هەزار دینار لەماڵان كۆدەكاتەوە بەناوی هاوكاری شارەوانی بۆ پاكو خاوێنكردنی شارەكە، بەڵام تا ئێستا تەنانەت یەك دیناری لەو پارەیە پێنەداوین كە ئێمە كاری پاككردنەوەی شارەكە دەكەین و پارەیەكی زۆرمان لەلای حكومەتی خۆجەیی كەركوكە.

وتیشی، كۆمپانیاكە بڕی زیاتر لە 11 ملیار دیناری لەلای ئیدارەی كەركوكەو دوو جاریش هۆشداریمان داوەتە ئیدارەو شارەوانی كە ئەگەر ئەو پارەیەمان بۆ خەرجنەكەن ئەوە كاری پاككردنەوەی شارەكە رادەگرین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure