دواڕۆژ هۆكاری ده‌ستبه‌كارنەبوونى قایمقامی نوێی خورماتوو ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 12/02/2018‌ :: 409‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
نزیكه‌ی مانگێكه‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو كه‌سایه‌تییه‌كی توركمانی شیعه‌ی بۆ پۆستی قایمقامی شاره‌كه‌ دیاریکردوە، به‌ڵام ئێستا پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین ئاماده‌نیه‌ فه‌رمانی كارگێڕیی بۆ ده‌ربكات، به‌هۆیه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ ده‌ستبه‌كاربێت.


حه‌سه‌ن زه‌ینه‌لعابدین، هه‌ڵبژێردراو بۆ پۆستی قایمقامی نوێ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو به‌ دواڕۆژی وت "بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنم بۆ وه‌رگرتنی پۆستی قایمقامی نوێی قه‌زاكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، به‌ڵام پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین تائێستا فه‌رمانی كارگێڕیی بۆ ده‌رنه‌كردووم".

وتیشی "ده‌رنه‌كردنی فه‌رمانی كارگێڕێیه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ شه‌لال عه‌بدول قایمقامی پێشووی خورماتوو له‌دادگای كارگێڕیی سكاڵای تۆماركردووه‌ و تانه‌ی له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ داوه‌ و پارێزگاریش چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگای كارگێڕییه‌".

زه‌ینه‌لعابدین ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین بۆ پشتگیریكردن بێت له‌پێكهاته‌ی كورد به‌و پێیه‌ی په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌ و وتی "ته‌واوی رێوشوێنه‌كانی پارێزگار یاساییه‌".

له‌ڕۆژی 10ی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو به‌ده‌نگی 12 ئه‌ندامی عه‌ره‌ب و توركمان بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی شه‌لال عه‌بدول له‌پۆستی قایمقام په‌سه‌ندكرد و رۆژی 18ی مانگی رابردووش حه‌سه‌ن زه‌ینه‌لعابدینی وه‌ك قایمقامی نوێی قه‌زاكه‌ هه‌ڵبژارد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure