لە سلێمانی دەستکاری کاتی بەسەرچوونی ئەم جۆرە بسکیتە دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 11/02/2018‌ :: 20391‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بەهۆی دەستكاریكردنی لیبڵەكەیەوە، لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێكی زۆر بسكیت-دا دەگرن و نوێنەری چاودێری بازرگانی لە لیژنە هاوبەشەكان رایدەگەیەنێت بەپێی رێنماییە بازرگانییەكان پێویستە لیبڵی زانیارییەكان لێزەری بن.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكى قایمقامیه‌تى ناوه‌ندى سلێمانى، كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كۆپییه‌كى بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌، دیار جەمال، نوێنەری بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لەلیژنە هاوبەشەكان رایگه‌یاندووه‌، بەهۆی دەستكاری لیبڵ و درێژكردنەوەی ماوەی بەسەرچوونەكەی بەدانانی دوو بەروار بەسەر روپۆشی بسكیتی (واویل) لیژنە هاوبەشەكان دەستیان بەسەر بڕی 32 كارتۆندا گرتووە.

وتیشی "ئەو خۆراكانەی لەكارگەكان ئامادەدەكرێن و دەپێچرێنەوە، بڕێك ماددەی پاراستن لە تێكچوونیان تێدەكرێت كە مێژووی بەسەرچوونەكەی لەسەر لیبڵەكە دیاریكراوە، دوای ئەو بەروارە ماددەكە خۆی دەبێتە سەرچاوەی زیان بەخش بۆ تەندروستی مرۆڤ و بەتایبەت منداڵ".

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووە "بەپێی رێنماییە بازرگانیەكان، جۆری ئەو لیبڵەی كە زانیاری كاڵاوشمەكەی تێدا تۆماركراوە پێویستە شێوەكەی لێزەری یاخو حەراری بێت و توانای دەستكاریكردن و گۆڕینی نەبێت، بۆیە ئەو كاڵاوشمەكانەی لیبڵەكانیان بەلەزگە لەسەر دانراوە دەستی بەسەردا دەگیرێت".

دیار جەمال ئاماژەی بۆ ئەوشكرد، بەفەرمانی قایمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی تانجەرۆ سەرجەم ئەو بسكیتە دەست بەسەردا گیراوانە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure