كه‌مال كه‌ركوكی مه‌رجى گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ كه‌ركوك ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 11/02/2018‌ :: 9787‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی شێوازی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كه‌ركوك ئاشكراكرد و رایده‌گه‌یه‌نێت داوایانكردووه‌ یان به‌دیالۆگ كۆتایی به‌و دۆخه‌ عه‌سكه‌رتارییه‌ته‌ بهێنن یاخود "رێگای دیكه‌ ده‌گرنه‌به‌ر.


كه‌مال كه‌ركوكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 11ى شوباتى 2018 به‌ دواڕۆژی وت "كه‌ركوك شارێكی داگیركراوه‌ و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی له‌كارخراوه‌ و پارێزگاره‌كه‌ی دوورخراوه‌ته‌وه‌ و به‌ عه‌سكه‌رتارییه‌ت كراوه‌ و ده‌وروبه‌ری شارەکەش به‌هێزی سه‌ربازی ته‌نراوه‌، بۆیه‌ داوامانكردووه‌ به‌دیالۆگ بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن بۆ كۆتایهاتنی ئه‌و واقیعه‌ و خه‌ڵك به‌سه‌ربه‌رزی بگه‌ڕێته‌وه‌ شاره‌كه‌، ده‌نا رێگای دیكه‌ ده‌گرینه‌به‌ر و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانیش له‌به‌رده‌ممان كراوه‌یه‌".

وتیشی، "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق وه‌ها بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌ركوك به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌مری واقیع، ئه‌وه‌ قبوڵی ناكه‌ین و رێگاناده‌ین به‌وشێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌".

له‌باره‌ی كات و شێوازی گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركوك، کەرکوکی وتی "خۆماتكردن له‌ژێر ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیس واتای ئیعترافكردنه‌ به‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی له‌كه‌ركوكدا هه‌یه‌ و ئێمه‌ی پارتیش ئه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ین و ده‌مانه‌وێت به‌سه‌ربه‌رزی و به‌كه‌رامه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆمان بگه‌ڕێینه‌وه‌".

كه‌مال كه‌ركوكی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یشی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك سه‌ردانی كه‌ركوكیان كردبێت و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان كۆبوبێتنه‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure