ساڵانە ئەم بڕەپارەیە لە خاوەن باخ و مەزرەعەكان وەردەگیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 11/02/2018‌ :: 12194‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ سبه‌ى دووشه‌ممه‌ 12ى شوبات په‌رله‌مانى كوردستان گفتوگۆ لەباره‌ى پڕۆژه‌ بڕیارى "داگیركردنى موڵكى گشتى بۆ دروستكردنى باخ" ئه‌نجامبدات، به‌پێى پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌ش سه‌رجه‌م باخ و مه‌زره‌عه‌كان ساڵانه‌ بڕى 150 بۆ 350 هه‌زار دیناریان لێوه‌رده‌گیرێت.

 

به‌پێێ ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مان، كه‌ كۆپییه‌كى ده‌ست دواڕۆژ، كه‌وتووه‌ دواى په‌سه‌ندكردنى پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌  پێویسته‌ گرێبه‌ست له‌نێوان وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و كه‌سى خاوه‌ن باخ (كه‌سى زیاده‌ڕه‌و له‌سه‌ر موڵكى گشتى) له‌ ماوه‌ى 3 مانگدا ئه‌نجامبدرێت و له‌و به‌رواره‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ساڵانه‌ چاودێرى به‌رده‌وامى سه‌وزى و خزمه‌تكردنى باخه‌كه‌ ده‌كەن.

 

له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا، ئاماژه‌ش به‌وه‌كراوه‌، گرێبه‌سته‌كه‌ بۆ ماوه‌ى 15 ساڵ ده‌بێت به‌ نرخى ساڵانه‌ى (150000) بۆ زه‌وى دێمى و (350000) بۆ زه‌وى به‌راو، زه‌وییه‌كه‌ش مافى خاوه‌نداریه‌تى بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ باخه‌كه‌ى دروستكردووه‌.

 

له‌پڕۆژه‌بڕیاره‌كه‌دا، ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌و باخانه‌ى گرێبه‌ستیان بۆ كراوه‌ به‌ پێى ئه‌م بڕیاره‌ گڕیبه‌سته‌كانیان نوێ ده‌كرێته‌وه‌و، ئه‌و زه‌ویانه‌شى ته‌سویه‌ نه‌كراون یان پڕۆسه‌ى ته‌سویه‌كردنه‌كه‌یان كۆتایى نه‌هاتووه‌ مۆڵه‌تیان پێنادرێت، تا زه‌ویه‌كان ته‌سویه‌ نه‌كرێن.

له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا هاتووه‌ "ئه‌گه‌ر زه‌ویه‌كه‌ له‌ 3 دۆنم یان زیاتر بوو خاوه‌ن باخ ئه‌توانێ دوو خانوو دروستبكات له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ى كه‌  باخه‌كه‌ى له‌سه‌ر دروستكردووه‌ به‌ ڕووبه‌رى 150 مه‌تر دووجا بۆ پاسه‌وان و 300 مه‌تر دووجا بۆ خاوه‌ن باخ".

 

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌و كه‌سه‌ى زیاده‌ڕه‌وى كردۆته‌ سه‌ر موڵكى گشتى، بێ مۆڵه‌ت بیرى قوڵیى هه‌ڵكه‌ندبوو، سزاده‌درێت به‌ گوژمه‌ى یه‌ك ملیۆن دینار، ئه‌گه‌ر بیرى باخێكیش وشكبوو، به‌پێى رێنماییه‌ كارپێكراوه‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ  و ئاوى ژێر زه‌وى سه‌ره‌ده‌رى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

 

به‌پێى پڕۆژه‌كه‌، له‌كاتى گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارى ئاو، ئاوه‌ڕۆ، شه‌قام، كاره‌با بۆ باخه‌كان ڕێژه‌ى 50%ى كۆى تێچوونى خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ ئه‌ستۆى خاوه‌ن باخه‌.

 

هه‌ربه‌پێى پڕۆژه‌ یاساكه‌، سێ ساڵ جارێك نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ سه‌ردانى باخه‌كان ده‌كات و نابێت ڕێژه‌ى سه‌وزاییش له‌ 80% كه‌متر بێت و پێویسته‌ له‌ 50% سه‌وزاییه‌كه‌ش دارى به‌ری بێت و زۆربه‌شیان له‌ جۆرى دارى دێمى بێت به‌مه‌به‌ستى پاراستنى ئاوى ژێر زه‌وى.

 

به‌گوێره‌ى ناوه‌ڕۆكى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سه‌رجه‌م موڵكه‌كانى كشتوكاڵى كه‌ ئێستا به‌ شێوه‌ى زیاده‌ڕۆ ته‌لبه‌ندكراوه‌و كراون به‌ باخ و مه‌زره‌عه‌ى  تایبه‌ت ئه‌وا وه‌ك خۆى به‌ موڵكى ده‌وڵه‌ت ده‌مێنێته‌وه‌و، هیچ كه‌س مافى ئه‌وه‌ى نابێت به‌ دڵى خۆى ده‌ستكارییان بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ى چه‌ند مه‌رج و یاسایه‌ك رێك ده‌خرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە