هەدەپە سێیەمین کۆنگرە ئەنجامدەدات

هەواڵ / کوردستان :: 10/02/2018‌ :: 314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) رایده‌گه‌یه‌نێت سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ 11ی شوبات حزبه‌كه‌یان سێیه‌مین كۆنگره‌ی خۆی له‌ توركیا ئه‌نجامده‌دات. 

عابد ئیكه‌، نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا، سێیه‌مین كۆنگره‌ی خۆمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك كراوه‌و سه‌جه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانه‌وه‌ بانگهێشتی كۆنگره‌كه‌ كراون". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌و كۆنگره‌یه‌دا دوو هاوسه‌رۆكی نوێ واته‌ ژن و پیاوێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ده‌په‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن. 

عابد ئیكه‌، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ تا ئێستا دوو كه‌س یه‌كلابونه‌ته‌وه‌ بۆ كاندیدكردن ئه‌وانیش بریتین له‌ په‌روین بوڵدان و سه‌زای ته‌مه‌للی. 

رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا هه‌شتا سه‌رۆك شاره‌وانی و 12 په‌رله‌مانتارو هه‌زاران ئه‌ندام و لایه‌نگری هه‌ده‌په‌ له‌ زیندانه‌كانی توركیادان، بۆیه‌ له‌ كۆنگره‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كرێت و شێوه‌یه‌كی نوێی خه‌بات ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی حكومه‌تی ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان. 

پێشتریش سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ له‌ زیندانه‌وه‌ نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی هه‌ده‌په‌ كردو تیایدا رایگه‌یاند خۆی كاندید ناكاته‌وه‌ بۆ هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ لایه‌ك له‌ زیندانه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌ش په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی هه‌ده‌په‌ش ڕێگه‌ی پێنادات بۆ جاری سێیه‌م له‌سه‌ر یه‌ك خۆی كاندید بكاته‌وه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure