سعودیە: بەهۆی رەخنەگرتن لە دیوانی پادشایەتی نوسەرێکی دیار دەستگیردەکرێت

هەواڵ / جیهان :: 10/02/2018‌ :: 187‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز)ی بریتانی لە وتارێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە دادگای سعودیە سزای زیندانیکردنی بەسەر نوسەرێکی دیاردا سەپاندوە بەهۆی ئەوەی رەخنەی ئاراستەی دیوانی پادشایەتی سعودییه‌ کردوە.


رۆژنامەکە بڵاویکردۆتەوە (ساڵح شەیحی) نوسەر لە رۆژنامەی (وەتەن) بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە دیوانی پادشایەتی و فەرمانبەرەکانی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و دواتریش بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغە کراوە.

شەیحی، مانگی کانونی یەکەمی رابردوو دوای دەرکەوتنی لە بەرنامەیەک لە تەلەفزیۆنی رۆتانا و تۆمەتبارکردنی دیوانی پادشایەتی بە گەندەڵی دەستگیرکرا.

سعودیە بەوە دەناسرێت کە راوەدوی چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ دەکات و زیندانیان دەکات. 

شەیحی، لەو چاوپێکەوتنەیدا باسی چۆنێتی بەدەستهێنانی پۆست و زەوی کردوە لەرێگەی دەسەڵاتی کەسیەوە لەگەڵ فەرمانبەرانی دیوان و دووپاتیکردۆتەوە "ئەگەر دەتەوێت گەندەڵی دارایی نەهێڵیت سەرەتا دەبێت پەنجەرەکان بەڕوی گەندەڵی داراییدا دابخەیت...پاشان ژمارەیەکی زۆر لەو پەنجەرانە لە دیوانی پادشایەتی هەیە کە خەڵکی لێوە دەچنە ژورێ".

ئەو لێدوانەی شەیحی دوای دەستگیرکردنی نزیکەی ٢٠٠ شازادە و سەرمایەدار و بەرپرسانی پێشوی سعودیە هات بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە گەندەڵی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە ئیدانەی ئەو حوکمەی کرد کە بەسەر شەیحی سەپێندراوە و داوای لە دەسەڵاتدارانی سعودیە کردوە ئازادی بکەن.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure