وێنه: ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سۆران جمه‌یان دێت له‌ گەشتیار

هەواڵ / ئابوری :: 09/02/2018‌ :: 657‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت، پلانی هێنانی گه‌شتیاری زستانه‌ بۆ سۆران له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانی گه‌شتیارییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ڕۆژانی پشوو ناوچه‌ گه‌شتارییه‌كانی سۆران جمه‌یان دێت و هه‌زاران گه‌شتیار ڕوو ده‌كه‌نه‌ ده‌ڤه‌رەکە.


بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سۆران  ئه‌مڕۆ هه‌یینی 9ی شوبات، له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژی وت :"سنوری قه‌زاكانی  سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سۆر چه‌ندین شوێنی گه‌شتیاری كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی لێیه‌، ئێمه‌ ویستمان ئه‌و شوێنانه‌ بازاریان سست نه‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرێبه‌ستێكمان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا كرد بۆ هێنانی گه‌شتیاری زستانه‌ به‌ شێوه‌ی گروپ، سه‌ر ئه‌نجام پلانه‌كه‌مان سه‌ركه‌وتوبوو هه‌موو ڕۆژانی پشوو زیاتر له‌ 6 هه‌زار گه‌شتیار ڕووده‌كه‌نه‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران". 

وتیشی :"هه‌موو ڕۆژانی پێنجشه‌ممه‌، هه‌ینی و شه‌ممه‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌و سنوره‌ جمه‌یان دێت له‌ گه‌شتیار و به‌و هۆیه‌وه‌ش كه‌رتی گه‌شتیاری له‌و ناوچه‌یه‌ بوژاوه‌ته‌وه‌و ئه‌و دوو مانگه‌ی زستان جموجۆڵێكی زۆری گه‌شتیاری دروستبووه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گه‌شتیاری زستانه‌ به‌ پاس و به‌ شێوه‌ی گروپ له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانی گه‌شتیارییه‌وه‌ دێنه‌ سۆران، وه‌كو تریش به‌ شێوه‌ی تاكیش گه‌شتیاران له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان و باشور و ناوه‌ڕاستی عێراقیش ڕووده‌كه‌نه‌ سۆران ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هاتنی گه‌شتیارانی ئێرانی كه‌ دوای كردنه‌وه‌ی مه‌رزه‌كان هاتنی ئه‌وانیش ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌.  

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure