بڕیارى كۆتایى له‌باره‌ى ئه‌م مه‌رزه‌ درا، به‌كراوه‌یى ده‌مێنێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 09/02/2018‌ :: 305‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
دواى كۆتایى هاتنى مۆڵه‌تى ئه‌و 72 كاتژمێره‌ى كه‌ حكومه‌تى عێراقى دابووى به‌ كردنه‌وه‌ى مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، بڕیاردرا كه‌ مه‌رزى شۆشمێ دانه‌خرێت و به‌كراوه‌یى بمێنێته‌وه‌، هاوكات مه‌رزى پشته‌ش داخرا.

 
حه‌مید بارام، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌ى سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر داواى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراقى پاسه‌وانى سنور هه‌ستان به‌داخستنى مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ناویشیاندا مه‌رزى بازرگانى شۆشمێ، مۆڵه‌تى كردنه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى 72 كاتژمێر ده‌ركرا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كاڵاو شمه‌كانه‌ى كه‌ بازرگانه‌كان پێش بڕیاره‌كه‌ كڕیبویان هاورده‌ى بكه‌ن.

راشیگه‌یاند "دواى كۆتایى هاتنى مۆڵه‌تى 72 كاتژمێره‌كه‌، بڕیار بوو جارێكى تر مه‌رزه‌كه‌ دابخرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌وڵى پارێزگار و چه‌ند لایه‌نێكى په‌یوه‌ندیدار بڕیاردراوه‌ كه‌ مه‌رزى شۆشمێ به‌ كراوه‌یى بمێنێته‌وه‌ و دانه‌خرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ تاكه‌ مه‌رزى بازرگانییه‌ له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ڕێكخراو كارى بازرگانى تێدا ده‌كرێت و هیچ كێشه‌یه‌كى نیه‌".
 
لاى خۆیه‌وه‌ عادل مه‌لا ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی به‌مۆی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ دواڕۆژى ڕونكرده‌وه‌، دوێنێ ئه‌و 72 كاتژمێره‌ ته‌واو بوو كه‌ دیارى كرابوو بۆ كردنه‌وه‌ى مه‌رزى پشته‌ له‌ سنورى ناحیه‌ى به‌مۆ،  هه‌ر دوێنێ جارێكى تر مه‌رزه‌كه‌ داخرایه‌وه‌".
 
به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى به‌مۆ ئه‌وه‌شى وت "بازرگانى سنوره‌كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ لایه‌نى عێراقییه‌وه‌ كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ى مه‌رزه‌كه‌، به‌ڵام پێیان وتراوه‌ له‌ڕێگه‌ى یه‌كه‌ى ئیدارى ناوچه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌و داواكارییه‌ بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى له‌تواناماندا بێت ئه‌نجامى ده‌ده‌ین بۆ دوباره‌ كردنه‌وه‌ى مه‌رزه‌كه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure