گه‌شتوگوزارى هه‌رێم هۆشداری ده‌داته‌ كۆمپانیاكان

هەواڵ / ئابوری :: 09/02/2018‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شت و گوزاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، چەند خاوەن هۆتێلێكی گه‌شتیاری لەگرێبەستەکانیان پەشیمان بونەتەوە کە پێشتر لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان واژۆیان کردووە، ئەمه‌ش زیانی زۆری بۆ ئاینده‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار هەیە. 


نادر روستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاریی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، بەهۆی هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری گەشتیاران لەسەره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستاش هاتنى ژمارەى گه‌شتیاران له‌زیادبووندایه‌ و بۆتە مایەی جوڵەی بازاڕەكان و بوژانەوەی ئابووری هەرێم.

وتیشی، چەند خاوەن هۆتیل و جێگاکانی حەوانەوەی گه‌شتیاران ئه‌م هه‌له‌یان قۆزتۆته‌وه‌و لە گرێبەستەکانیان پەشیمان بونەتەوە کە پێشتر لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان واژوویان کردووە، ئەم جۆرە ڕەفتارەش زیانی زۆری بۆ ئاینده‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار هەیە و بێمتمانەیی له‌لای گه‌شتیار دروست دەكات و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر بەرنامەکانی داهاتوومان لە كه‌رتی گەشتیاری.

نادر روستی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته‌ هەموو كۆمپانیاكان پابه‌ند بن بەو گرێبەستانە بە پێچەوانەوه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گەشتوگوزاری هه‌ولێر بۆ مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییه‌ گشتییەکان رێکاری پێویست دەگرێتەبەر.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure