نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌كۆبوونه‌وه‌دان

هەواڵ / کوردستان :: 08/02/2018‌ :: 892‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه‌ 8ی شوباتی2018، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق لە هەولێر کۆبوونەوەو دوایین پێشهاته‌كانى دیالۆگى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردوولا تاوتوێ كرد.

به‌پێی راگه‌یاندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌ هاتووه‌ "هه‌ردوولا تیشكیان خستۆته‌ سه‌ر كارى لیژنه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ دابینكردنى مووچه‌ى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌دروستى و په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌غه‌ى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى سه‌ر فڕۆكەخانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌و هیوایان خواستووه‌ گفتوگۆكان ئه‌نجامى ئه‌رێنییان لێ بكه‌وێته‌وه‌ و ڕێگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خۆش بكرێت".

هه‌روه‌ها باسیان له‌ به‌شداریى شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنفرانسى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كردووه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا له‌ كوێت ببه‌سترێت، به‌و هیوایه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش له‌و ده‌رفه‌ته‌ سوودمه‌ند بێت و بتوانێت پشكى خۆى له‌و هاوكارى و پڕۆژانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ چاوه‌ڕان ده‌كرێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق دواى كۆتاییهاتنى شه‌ڕى دژى تیرۆر، ئه‌نجام بدرێن.

له‌ كۆتایی راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، هه‌ردوولا تاوتوێى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ و قۆناغى دواى كۆتاییهاتنى داعش له‌ عێراق و سوریا به‌گشتى، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure