DNO: داهاتی كێڵگەكانی تاوكێ و پیشخابوور به‌ رێژه‌ى 75% بەرزبۆته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 08/02/2018‌ :: 375‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
کۆمپانیای نەوت و غازی DNO ئاشكرایده‌كات، پشكه‌كانیان لەھەردوو کێڵگەی تاوکێ و پیشخابوور لە 55%-ه‌وه بۆ ٧٥% بەرزبۆتەوە.

 

له‌ راگه‌یاندراوێكدا کۆمپانیاكه‌دا، كه‌ ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 8ى شوبات بڵاویكردۆته‌وه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت، ساڵی ٢٠١٧ داهاته‌كه‌یان ٣٤٧ ملیۆن دۆلار بوو، به‌به‌راورد به‌ ساڵی ٢٠١٦ به‌رێژى 72% بەرزبۆته‌وه‌، ئەوەش بەرزترین ئاستی داھاتی چارەکە ساڵێکە لەماوەی زیاتر لە سێ ساڵی رابردوودا.


راشیگه‌یاندووه‌ "لەساڵی رابردوودا، سەرجەم شایستە داراییەکانی خۆی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە، کە زیاتر بووە لە ٣٨٠ ملیۆن دۆلار، به‌مه‌ش پشكى كۆمپانیاى DNO لە ھەردوو کێلگەی تاوکێ و پیشخابوور 55% بۆ ٧٥% بەرزبۆته‌وه‌".

كۆمپانیاكه‌ رونیشیكردۆته‌وه‌، به‌ڕێژه‌ى له‌ 50% خەرجی کۆمپانیاکەیان بۆ وەبەرھێنان بۆ ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی ھەناردەکردنی نەوت بەشێوەیەکی بەردەوام له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، هاتووه‌ "بە دوو بیرە نەوتی کێڵگەی پیشخابوور ١٦ ھەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەرھەمدەھێنن و، بۆ ھەناردەکردنیش تێکەڵدەکرێت بە ٩٧ ھەزار بەرمیل نەوتی ترى رۆژانەی لە کێڵگەی تاوکێ".

كۆمپانیاكه‌ ده‌شڵێت "بەپێچەوانەی پێشبینییەکان کێڵگەی نەوتی پیشخابوور نەوتێکی زیاتری تێدایە و، بەنیازن ئەمساڵیش شەش بیرەنەوتی دیکە لەو کێڵگەیە لێبدەن و پێشبینی دەکرێت تا هاوینى ئه‌مساڵ بەرھەمی کێڵگەکە بگاتە ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا".

كۆمپانیاى DNO، ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، به‌هاوبه‌شى لەگەڵ کۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینێرجی بەنیازن لەئەمساڵدا چوار بیرە نەوتی دیکە لە کێڵگەی نەوتی تاوکی لێبدەن.

DNO، كۆمپانیاییه‌كى نه‌رویجیه‌ و له‌ بوارى نه‌وت و غاز له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی تاوكێ (Tawke Oilfield) كارده‌كات، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ قه‌زای زاخۆ له‌ ئێستاشدا رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و كێلگه‌یه‌ زیاتره‌ (120,000) به‌رمیله‌ له‌ رۆژێكدا.

كۆمپانیای DNO خاوه‌نی له‌سه‌دا 55ی  قازانجی پشكه‌كانی بلۆكی تاوكێییه‌، هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینێرجی خاوه‌نی له‌سه‌دا 25ی پشكه‌كانه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش خاوه‌نی له‌سه‌دا 20ی پشكه‌كانه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure