لایه‌نه‌كانی هەرێم رێكنه‌كه‌وتن

هەواڵ / کوردستان :: 08/02/2018‌ :: 423‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
مەكتەبی هەڵبژاردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەپارێزگاكانى موسڵ، كەركوك، سەڵاحەدین و دیالە كۆبوونەوە، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌بێئه‌نجام كۆتاییهات و نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك.


ئه‌مڕۆ پێنجه‌شه‌ممه‌ 8ى شوبات، بۆ جارى دووه‌م له‌هه‌ولێر، مەكتەبی هەڵبژاردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى نوێنەری هەریەكە هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوونەوەكەیان جێهێشت و كۆبوونه‌وه‌كه‌ بێئه‌نجام كۆتاییهات.

له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ خه‌سره‌و گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لەدواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى ڕاگه‌یاند، دوێنی لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەو بڕیاریاندابوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی دیكە بكرێت، لەرووی هونەریەوە باس لەدەرچەیەكی یاسایی بكرێتەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی و تا چەند كات ماوە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتی كوردستانی، ئەگەر پێویست بوو كۆبونەوەی دیكە دەكرێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوەو نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامى كۆتایى و هه‌ریه‌ك له‌هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ دەگەڕێنەوە بۆ سەركردایەتی خۆیان و یه‌كێتیش به‌شداری نه‌كرد، به‌ڵام  شاندی یەكێتیش وتیان ئێوە سەرپشك بن.

هه‌ر دوابه‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ هاژە سلێمان، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان ڕایگه‌یاند، لەكۆبوونەوەكەدا لەسەر بابەتی هونەری قسەكرا، كە چۆن بتوانین بەیەك لیست بەشداری لەهەڵبژاردن بكەن، یه‌كێتى به‌هۆى لێكتێنەگەیشتنێك نه‌هاتنه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانیش بۆ دادپه‌روه‌ورى و دیموكراسى داوایان كرد ده‌رفه‌تیان پێبدرێت.

وتیشی "هێشتا كات ماوه‌و دەكرێت زیاتر گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بكرێت".

بڕیارە 12ی مانگی ئایارى ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure