پارتى گومانى له‌ ژماره‌ى مردووانى سلێمانى هه‌یه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 08/02/2018‌ :: 1165‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌پرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى دیموكراتى كوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێت گومانیان له‌ ژماره‌ى مردووانى سلێمانى هه‌یه‌، ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات پارتى له‌هه‌رێمى كوردستان و هه‌ندێك ناوچه‌ى جێناكۆك به‌ ته‌نیا به‌شدارى هه‌لبژاردنه‌كان ده‌كات.


خه‌سرەو گۆران، به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتی "لەکۆبوونەوەی دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌رى دەزگای هەڵبژاردنی پارتى لە تەوەری بەدواداچوون بۆ راپۆرتی کاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی کوردستان بۆ سڕینەوەی ناوی مردووان لە لیستی دەنگدەران، ئەوەی بە ئەنجام گەیشتووە  ژمارەی مردووان تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ به‌شێوه‌ى سه‌رسوڕهێنه‌ر لەهەولێر و دهۆك بە بەراورد چەند ئەوەندە لەسلێمانی زیاترە".

خه‌سره‌و گۆران باس له‌وه‌شده‌كات ژمارەی مردوو لەسلێمانی 26 هەزار و هەولێر 65 هەزار و دهۆک 36 هەزار کەسه‌، جا ئەگەر بەراوردێک بکەین، تا کەسێک لە سلێمانی مردووە زیاتر لە پێنج کەس لە هەولێر و چوار کەس لە دهۆک مردوون، وەکو ئەوەی تاعوون لە هەولێر و دهۆک بڵاوبووبێتەوە.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، دیارە کە ئەم پرۆسەی سڕینەوەیە نالۆژیکی و جێی گومانە و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنەو ناچێتە نێو چوارچێوەی هیچ پێوەرێکی ستانداردی جیهانییەوە.

به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، دواى پێكهێنانى هاوپەیمانێتیی له‌نێوان سێ حزب له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كان داوایان كرد با ئەو حزبانەی دیكە لیستێكی هاوبەش دروست بكەن، بەڵام ئەمەش رێكنەكەوت، ئەوەبوو پارتی ناچار بوو بە یەك لیستی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵیش هه‌یه‌ به‌ لیستى هاوبه‌ش به‌شداریبكه‌ن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، پارتی وەك وەرگرتنی هەڵوێستێكی سیاسی بڕیاریداوە لە كەركووك و دوزخورماتوو بەشداری هەڵبژاردن نەكات، چونكە پارێزگار و قایمقام و ئەنجومەنی پارێزگا نەماوەو پرۆسەی تەعریب بەڕێوەدەچێت و زەوی بەسەر عەرەبدا دابەشدەكرێت، بۆیە وەك هەڵوێستێكی سیاسی بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەمان داوە.

وتیشی "پەرلەمانتارە كوردستانییەكان لەئەنجومەنی نوێنەران خاوەنی 65 كورسین كە ناكاتە 20%ی رێژەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، بۆیە ئەگەر كورد لە 18% یاخود لە 20% یاخود 22%ی كورسییەكانى بەدەستەوە بێت، هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت، چونكە بابەتەكە كەمینە و زۆرینە نییە، ئەگەر وابێت ئه‌وان هەمیشە كەمینەن.

به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، 90%ی خەڵكی شنگال ئاوارەی كوردستان بوونه‌، لە 21 كەمپدا لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێبوون و ئەوانەی دیكەشیان لە شار و شارۆچكەكاندا لەناو شوقەو خانووی كرێدان، بۆیە پارتى بڕیاریداوه‌ بەشداری بكات لە هەڵبژاردنەكانی موسڵ، چونكە بۆ پرۆسەی دەنگدان سندوقەكانی دەنگدان لە كەمپەكان بۆ ئاوارەكان دادەنرێن و دەتوانن لەو شوێنانە دەنگبدەن.

وتیشى "له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى ڕابردوو دوو حزبی سەرەكی كێبڕكێیان لەسەر كۆتایی ئێزیدی دەكرد، ئەم حاڵەتە زۆر ئاسایی بوو، كەچی ئێستا لە بری دوو لیست بوونەتە چوار لیست، ئێمە وەكو پارتی لیستی سەربەخۆی خۆمان دەبێت و خه‌ڵكی ئێزیدی لەناو لیسته‌كه‌ی ئێمه‌ كاندید دەبێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure