به‌دواداچوون بۆ داهاتووى موڵكه‌كانی سلێمانی ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/02/2018‌ :: 495‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
له‌دواى ته‌قاندنه‌وه‌ى سایلۆى سلێمانى گروپی خه‌می خه‌ڵك، به‌دواداچوون بۆ داهاتووی موڵكه‌كانی دیكه‌ى شاره‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ی بواریان هه‌یه‌ ده‌بێت بهێڵرێنه‌وه‌ و ئه‌وانه‌شی تێكده‌درێن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شاره‌كه‌ به‌كاربهێنرێته‌وه‌.


به‌همه‌ن ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی گروپی خه‌می خه‌ڵك، به‌ دواڕۆژى وت "ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی راوێژكاریمان بۆ به‌دواداچوونی موڵكه‌ گشتییه‌كانى سلێمانى كرد، ئامانجمانه‌ ورده‌كاریی پڕۆژه‌كان بزانین، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و موڵكانه‌ بۆ شاره‌كه‌ به‌كاربهێنرێته‌وه‌، واته‌ ئه‌و موڵكه‌ی بواری هه‌یه‌ بیانهێڵنه‌وه‌ و ئه‌وانه‌شی تێكیده‌ده‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شاره‌كه‌ بێت".
 
سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی كارگه‌ی جگه‌ره‌ش كه‌ قسه‌ هه‌یه‌ بكرێته‌ پڕۆژه‌یه‌كی كلتوری، به‌همه‌ن ئه‌حمه‌د، باسى له‌وه‌كرد "بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراوان به‌ به‌شداری لایه‌نه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ بكه‌ین و ده‌بێت ئه‌و رێكخراوه‌ی كار بۆ كارگه‌كه‌ ده‌كات ورده‌كاری پڕۆژه‌كه‌ی بخاته‌ڕوو".

رۆژی 2ى شوباتى 2018 ته‌لارى سایلۆی سلێمانی له‌لایه‌ن كۆمپانیای هیوا ره‌ئوف ته‌قێنرایه‌وه‌ و بڕیاره‌ بكرێته‌ پڕۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری و نیشته‌جێبوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure