كۆمسیۆن له‌سه‌ر هاوپه‌یمانی پارتی و حزبه‌كانی دیكه‌ هاتەده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2018‌ :: 567‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌ی به‌ستنی هاوپه‌یمانییه‌تی حزبه‌كان كۆتایی هاتووه‌ و بۆ پارتی و هیچ حزبێكی تر نییه‌ بچێته‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كانه‌وه‌.

 
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7ی شوباتی 2018، یه‌كێتی، پارتی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، گۆڕان، حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، له‌ باره‌گای حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبونه‌وه ‌و بڕیاریاندا له‌ یه‌ك لیست به‌شداری له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی داهاتووی عێراق بكه‌ن، له‌كاتێكدا ماوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌تی به‌سه‌رچووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "پێمان سه‌یره‌ ئێستا حزبه‌كان بڕیاری هاوپه‌یمانیه‌تی ده‌ده‌ن له‌كاتێكدا ماوه‌ی هاوپه‌یمانی به‌سه‌رچووه‌و هیچ حزبێك بۆی نییه‌ هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت یاخود بچێته‌ ناو په‌یمانی تره‌وه‌، ته‌نانه‌ت ته‌نیا ماه‌ی سێ رۆژ ماوه‌ بۆ هێنانی ناوی كاندیدان بۆ كۆمسیۆن، بۆیه‌ كۆمسیۆن هیچ هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك قبوڵ ناكات".

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریدابوو له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركوك به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق نه‌كات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بڕیاریدا بچێته‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كی نوێ، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌عید كاكه‌یی وتی "پارتی و هیچ حزبێكی تر كه‌ بڕیاری بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی له‌ پارێزگایه‌ك دابێت، ناتوانێت به‌شداری هاوپه‌یمانی تر بكات".

له‌باره‌ی ناردنی كاندیدی حزبه‌كان بۆ هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كان، ئه‌ندامه‌کەی كۆمسیۆن وتی "ته‌نیا كاندیدی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت بچێته‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كان، نابێت كاندیدی حزبی تر به‌شداری پێبكرێت".

پێشتر پارتی و یه‌كێتی و حزبی شیوعی بڕیاریاندا هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك پێك بهێنن، به‌ڵام دواتر هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێندراوه‌، به‌مه‌ش یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاریدا له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌ لیستی جیا به‌شداری بكه‌ن و پارتیش له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركوك بڕیاری بایكۆتیدا، به‌ڵام گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كیان به‌ناوی (نیشتمان) پێكهێنا.

بڕیاره‌ له‌ 12ی ئایاری 2018 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و پارێزگاكان به‌ڕێوه‌بچێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure