گۆڕان: بڕیارمان نه‌داوه‌ به‌شداريی له لیستی هاوبه‌ش بكه‌ین

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2018‌ :: 439‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
رێکخەری ژوری پەیوەندییە سیاسییه‌كانى بزوتنەوەی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، دوور و نزیک ھیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ بەشداریکردن لەلیستی ھاوبەش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7ى شوباتى2018، هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى و حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان له‌ باره‌ى پرسى به‌شداريكردنى كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌.

له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كۆك بوون له‌سه‌ر پێكهێنانى لیستێكى هاوبه‌ش بۆ به‌شداریكردنى كورد له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان. 

له‌مباره‌یه‌وه‌ هیمداد حەمەد عەلی رێکخەری ژوری پەیوەندیيە سیاسیيەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە یەکێک بوو لەبه‌شداربووانى کۆبوونەوەکە بە دواڕۆژى راگەیاند، دوور و نزیک ھیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ بەشداریکردن لەلیستی ھاوبەش لەگەڵ حزبەکان.

رێکخەری ژووری پەیوەندیيە سیاسیيەکانی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشى "بۆ ھەر پرسێکی گرنگ و گەورە ھیچ وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان راستەوخۆ ناتوانێت بڕیار بدات، چونکە دەبێت بگەڕێتەوە جڤاتی نیشتمانی و ئەگەر پێویستی کرد لەوێوە بڕیار دەدرێت".

هیمداد حه‌مه‌د عه‌لى ئاماژه‌ى بةوه‌شكرد، تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ته‌نها لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەیەک لیستی ھاوبەش بەشدارن بەناوی لیستی ھاوپەیمانی نیشتمانی.

له‌باره‌ى ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ ژمارەیەک لایه‌نى سیاسى کە یەکێتی و پارتیش بەشداربوون ئه‌و به‌رپرسه‌ى گۆڕان روونیشیكرده‌وه‌، کۆبوونەوەکە تەنھا گوێگرتن بووە لەنێوان لایەنەکان لەسەر ھەندێ پرسی ھەنووکەیی کەھەندێک لەراوبۆچوونەکان لێک نزیک بوون و ھەندێکی تریش دووربوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure