هه‌وڵده‌درێت كاره‌كانی هه‌ڵۆی كه‌ركوك سنورداربكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/02/2018‌ :: 185‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ماوه‌یه‌كه‌ كارمه‌ندانی پڕۆژه‌ی هه‌ڵۆی كه‌ركوك رێوشوێنی توندیان له‌دژی ئه‌و شۆفێرانه‌ گرتوه‌ته‌ ده‌ست كه‌ ئارمی پڕۆژه‌كه‌یان نوێ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ و له‌ژێر فشاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا ده‌ست به‌سه‌ر ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانیاندا ده‌گیرێت.

نه‌جات حسێن سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ دواڕۆژی وت: "پڕۆژه‌ی هه‌ڵۆی كه‌ركوك له‌دژی شۆفێران چەند رێوشوێنێک ده‌گرێته‌به‌ر له‌بازگه‌ و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێلدا ئه‌و كاره‌یش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌.

 رونشیكرده‌وه‌، هه‌ڵۆی كه‌ركوك وه‌كو كۆمپانیایه‌ك خزمه‌تگوزارییه‌كی ئه‌منی هه‌یه‌ له‌شاره‌كه‌ و به‌پێی یاساییش هاوڵاتی ئازاده‌ كه‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ به‌كاربهێنێت یاخود نا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌ هۆكاری پشتگیری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌ له‌و كۆمپانیایه‌.

وتیشی "وه‌كو لیژنه‌ی ده‌ستپاكی هه‌وڵه‌كانمان خستوه‌ته‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی بزانین كه‌ له‌نێو گرێبه‌سته‌كه‌دا هیچ خاڵێك هه‌یه‌ رێگه‌ی پێبدات بازگه‌ دابنات و به‌زۆر پاره‌ له‌شۆفێر وه‌ربگیرێت و ده‌ستیش به‌سه‌ر ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێلدا بگرێت".

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌رێگه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكییه‌وه‌ توانراوه‌ 9 كارمه‌ندی ئه‌و كۆمپانیایه‌ ده‌ستگیربكرێن كه‌ پاره‌یان به‌شێوه‌ی نایاسایی له‌شۆفێران وه‌رگرتبوو. 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure