كورد ده‌یه‌وێت بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بكات

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2018‌ :: 356‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڕیارده‌ده‌ن به‌ یه‌ك لیستی هاوبه‌ش به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7ى شوباتى 2018 ژماره‌یه‌ك حزب و لایه‌نى سیاسى له‌ هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنى پرسى به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق.

دوابه‌دواى كۆتایى هاتنى كۆبونه‌وه‌كه‌ش رێباز بێركۆتی، نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ى بڕیاریانداوه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی عێراق بكه‌ن رێكکه‌وتوون به‌ یه‌ك لیست كه‌ له‌هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بکەن.

وتیشى، ده‌رچه‌ی یاسایی هه‌یه‌ كه‌ حزبه‌كان به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن له‌و ناوچانه‌ و ئاینده‌ی ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

بەشدارانی كۆبوونەوەكە بریتی بوون له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.

لای خۆشیه‌وه‌ به‌ڵێن عه‌بدوڵا، هاوسه‌رۆكی حزبی زه‌حمه‌تكیشان رایگه‌یاند، لایه‌نه‌كان رێککه‌وتوون بۆ به‌شداری به‌یه‌ك لیست، هه‌ندێك ورده‌كاری ته‌كنیكی ماوه‌ سبه‌ی به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رجه‌م ئه‌و حزبانه‌ پێكه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی.

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری لیستێكیان به‌ناوی هاوپه‌یمانی نیشتمان پێكهێناوه‌، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆدا ئه‌و لایه‌نه‌نانه‌ داوایان كردووه‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ فرانتر بكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure