كورد كۆبونه‌وه‌كان بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی كه‌ركوك بایكۆت ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2018‌ :: 258‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
لیژنه‌یه‌ك بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ ئیدارییه‌كانى كه‌ركوك به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا 32 له‌نێوان پێكهاته‌كاندا پێكهێنراوه‌ و كورد له‌دانیشتنه‌كاندا بوونی نییه‌، ئه‌ندامێكی لیستی برایه‌تیش هۆكاره‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێت، ئه‌و لیژنه‌یه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و ئیداریی نیه‌.


لیژنه‌كه‌ له‌لایه‌ن راكان سه‌عید جبووری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی لیستی برایه‌تی به‌ دواڕۆژی وت، وه‌كو كورد بڕیارمانداوه‌ به‌شداری له‌و دانیشتنانه‌ نه‌كه‌ین كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت ئه‌نجام ده‌درێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ ئیدارییه‌كان له‌رێژه‌ی له‌سه‌دا 32 له‌نێوان پێكهاته‌كاندا.

عه‌سكه‌ری رونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌و لیژنه‌ی دانراوه‌ و ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی ئه‌نجامده‌درێن هیچ بنه‌مایه‌كی ئیداری و یاسایی نییه‌ و، ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ راكان سه‌عیده‌ كه‌ له‌خۆیه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی رێكخستووه‌ و ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان قبوڵ نییه‌".

وتیشی "له‌كۆبونه‌وه‌كاندا به‌ته‌نها عه‌ره‌ب ئاماده‌یه‌ و ته‌نانه‌ت توركمانیش بایكۆتی كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌وان ناتوانن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیانه‌ ده‌ست وه‌ربده‌نه‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كان".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی لیستی برایه‌تی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ وه‌كو كورد پێیانوایه‌ ئه‌و شێوه‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌ نایاساییه‌ و ئه‌گه‌ر سوریشن له‌سه‌ری ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ پارێزگاكانی موسڵ، دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دینیش ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ له‌و شارانه‌ش پێكهاته‌ی جیاواز هه‌یه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure