"هه‌ولێر له‌خه‌ته‌نه‌كردنی كچاندا یه‌كه‌مه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2018‌ :: 746‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا له‌ كوردستان دیارده‌ى خه‌ته‌نه‌كردنى كچان بوونى هه‌یه‌، دەڵێت ""له‌ بادینان رێژه‌ى خه‌ته‌نه‌كردنى مێینه‌ 4%یەو له‌سلێمانى 11%یه‌و له‌ هه‌ولێر 16%یه‌".

ئه‌مه‌ل جه‌لال، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان له‌ كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "دواین روپێو كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان و رێكخراوى یونسێف و رێكخروه‌كانى ترى بیانى بۆ زانینى رێژه‌ى زیادبوونى خه‌ته‌نه‌كردنى مێینه‌ له‌ كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ هێشتا دیارده‌كه‌ له‌ كوردستان بوونى هه‌یه‌".

له‌باره‌ى رێژه‌ى دیارده‌ى خه‌ته‌نه‌كردن، ئه‌مه‌ل جه‌لال وتى "له‌ بادینان رێژه‌ى خه‌ته‌نه‌كردنى مێینه‌ له‌ 4% و له‌ سلێمانى 11%یه‌ و له‌ هه‌ولێر 16%یه‌، واته‌ به‌راورد به‌ ساڵانى رابردوو له‌ شاره‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو دابه‌زیوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پێشتر دیارده‌كه‌ له‌ بادینان نه‌بوو كه‌چى له‌ئێستادا بوەته‌ 4%، ئه‌مه‌ش نه‌ك بۆ بادینان به‌ڵكو بۆ سه‌رجه‌م كوردستان مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ به‌پێى راپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌گه‌ر یه‌ك كه‌سیش خه‌ته‌نه‌ بكرێت، ئه‌وا هه‌ر مه‌ترسییه‌".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ یاساى ژماره‌ى هه‌شتى 2011ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى خێزان، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك خه‌ته‌نەى كچان بكات سزا ده‌درێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شه‌ش مانگ تاكو سێ ساڵ به‌ند ده‌كرێت و به‌ بڕى 10 ملیۆن دیناریش سزا ده‌درێت.

له‌باره‌ى جێبه‌جێكردنى یاساكه‌، ئه‌مه‌ل جه‌لال وتى "له‌ناو یاساكه‌دا به‌ڕوونى باسى خه‌ته‌نه‌كردنى مێینه‌ى كردووه‌ و سزاشى داناوه‌، به‌ڵام یاساكه‌ كێشه‌یه‌كى هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ى خه‌ته‌نه‌ ده‌كرێت سكاڵا تۆماربكات، له‌كاتێكدا ئه‌وانه‌ى خه‌ته‌نه‌ ده‌كرێن منداڵن و منداڵیش ناچێت و تواناى ئه‌وه‌ى نییه‌ سكاڵا تۆماربكات، بۆیه‌ ده‌بێت یاساكه‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌ و ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت چونكه‌ تێستا كه‌س سزا نه‌دراوه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure