په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په‌ لەئەندام پەرلەمانی دووردەخرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 06/02/2018‌ :: 203‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پاش ئەوەی پەرلەمانتارێکی هەدەپە بەتۆمەتی پروپاگه‌ندەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن دادگاوە حوکمی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، ئەمڕۆ 6ی شوباتی 2018 لەدەنگدانێکدا ئەو پەرلەمانتارە لە ئەندامێتی دوورخرایەوە.


فەرهاد ئەنجو، نوێنەری شاری شرناخ لە باکوری کوردستان بە تۆمەتی پروپاگه‌ندەکردن بۆ پەکەکە لەلایەن دادگای غازی عەنتێپەوە چوار ساڵ و حەوت مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی سزاکە پێویست بوو سەرەتا لە ئەندامێتی پەرلەمان دووربخرێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لە دانیشتنێکدا پەرلەمانی تورکیا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری لەسەر دورخستنەوەی ئەو ئەندامەیدا. 

بە دوورخستنەوەی ئەو ئەندامە ژمارەی کورسییەکانی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا کەمیکرد.

پێشتریش پەرلەمانتارانی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ، نورسەل ئایدۆغان، فەیسەڵ سارییڵدز، نوبا هەزەر ئۆزتورک، بەسیمە کۆنجە و لەیلا زانا لە ئەندامێتی پەرلەمانی تورکیا دورخراونەتەوە. 

دوای دورخستنەوەی ئەنجو ژمارەی کورسییەکانی پارتەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا بەمجۆرەی لێدێت.

ئاکەپە ٣١٦ کورسی
جەهەپە ١٣١ کورسی
هەدەپە ٥٢ کورسی
مەهەپە ٣٦ کورسی
پارتی باش ٥ کورسی
سەربەخۆ یەک کورسی

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure