فراكسیۆنی گۆڕان روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 06/02/2018‌ :: 582‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
فراكسیۆنی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ھەلبژاردنەكانی ئەمجارەی ھەرێمی كوردستان، ئامادەن و لەگەڵ ئەوەشدان بە تۆمارێكی پاككراوەی دەنگدەران و دابینكردنی ئامێری زیرەك پرۆسه‌كه‌ ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی چیتر ساختەكاری نەكرێت و دەنگی ھاونیشتمانیان یاری پێنەكرێت.


برزۆ مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبەی چوارشەممە كه‌ بڕیاروایه‌ له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی ئەنجامبدرێت،  روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوکردەوە كه‌ كۆپییه‌كی بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ماوەیەكە لەلایەن حكومەت و ھەندێك حیزبی سیاسییەوە، لێدوانی زۆر و جیاواز لەسەر ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان دەدرێت.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، ھەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانیان لەكاتی خۆیاندا ھەمیشە لەلای بزوتنەوەی گۆڕان ئامانج و بەرنامە بووە و لەم روانگەیەوە بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ھەرێمی كوردستان، ئێمە ئامادەین و لەگەڵ ئەوەشداین بە تۆمارێكی پاككراوەی دەنگدەران و دابینكردنی ئامێری زیرەك ھەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێن، بۆ ئەوەی چیتر ساختەكاری نەكرێت و دەنگی ھاونیشتمانیان یاری پێنەكرێت.

راشیگه‌یاندووه‌، ئەگەر ئەو لایەنانەی كە زۆر باسی ھەڵبژاردن دەكەن، با بەڕاستیان بێت و موزایەدەی سیاسی نەكەن، لە جیاتی ئەوە با بێن بە كرداری تۆماری دەنگدەران پاك بكەنەوە و ئامادەكارییەكانی ھەڵبژاردنێكی پاك فەراھەم بكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure