"هه‌ر كه‌سێك یه‌كێك له‌سێ كارته‌كه‌ى كۆمسیۆنى نه‌بێت ناتوانێت ده‌نگبدات"

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2018‌ :: 421‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا ته‌نیا 24%ی هاووڵاتیان كارته‌كانى ده‌نگدانیان وه‌رگرتوەته‌وه‌ و 60%ی هاووڵاتیانیش خۆیان تۆماركردووه‌، ده‌شڵێت "هه‌ر كه‌سێك یه‌كێك له‌ سێ كارته‌كه‌ى كۆمسیۆنى نه‌بێت ناتوانێت ده‌نگ بدات".


هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ ناوه‌نده‌كانى تۆمارى نوێى ده‌نگده‌ران له‌ شاره‌كانى هه‌رێم كراونه‌ته‌وه‌ بۆ تۆماركردن و پێدانى یه‌كێك له‌ كارته‌كانى ده‌نگدان، به‌ڵام تائێستا رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م له‌ هاووڵاتیان كارته‌كانیان وه‌رگرتوەته‌وه‌.

عه‌لى قادر، سه‌رۆكى ئۆفیسى هه‌ولێرى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئاگادارى هاووڵاتیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌ردانى ناوه‌نده‌كانى تۆماربكه‌ن و ناوى خۆیان تۆماربكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر هاووڵاتیه‌ك یه‌كێك له‌ كارته‌كانى ئه‌لیكترۆنى و كاتى و ده‌نگدانى نه‌بێت، ئه‌وا ناتوانێت له‌ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شدارى بكات".

وتیشى "له‌سنوورى هه‌ولێر ته‌نیا 24%ی هاووڵاتیان كارتى ده‌نگدانیان وه‌رگرتۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها نزیكه‌ى 60%ی هاوڵاتیانیش خۆیان بۆ سیستمى تۆمارى ده‌نگدان تۆماركردووه‌. ئه‌گه‌ربێت و ناوى سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی هه‌ولێر تۆماربكرێت ئه‌وا به‌ئاسانى ده‌توانرێت ناوى دووباره‌ و لێكچوو و مردوو بسڕدرێته‌وه‌".

بڕیاره‌ له‌ 12ى ئایارى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێرق به‌ڕێوه‌بچێت و له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێریش یه‌ك ملیۆن و 122 هه‌زار كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure