زیاتر له‌ 55 ریستورانت لەهەولێر داخراون و 70% بازاڕیان دابه‌زیوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 08/02/2018‌ :: 329‌ جار بینراوە
فۆتۆ: وەرگیراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانە و  ریستۆرانتەكانی كوردستان، ئاماژه ‌به‌وه ‌ده‌كات، بەهۆی قه‌یرانی دارایی و كەمیی میوانەوە تەنها لە هەولێر زیاتر لە 55 چێشتخانە و ریستۆرانت داخراون.

زیرەك بیا ئیلیا، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانە و ڕیستۆرانتەكانی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "بەهۆی قەیرانی دارایی و وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بازاڕی چێشتخانە و ریستۆرانتەكان بەڕێژەی 70% دابەزیوە، له‌ماوه‌ی ڕابردووش تەنها لەشاری هەولێر زیاتر لە 55 چێشتخانە و ریستۆرانت داخراون".

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، داوایان لەدەستەی گەشتوگوزار كردووه‌ پێداچوونەوە بە وەرگرتنی باج و رسومات و كرێی كارەبادا بكات، ئەگەر نا بارودۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێ‌، زۆربەی چێشتخانە و ریستوڕانتەكان دادەخرێن.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، لەدوای هاتنی داعش ئەوە بۆ جاری دووه‌مه‌ گورز بەر ریستورانت و چێشتخانە و هوتێلەكانی هەرێمی كوردستان دەكەوێ‌، چونكه‌ پێشتر بەهۆی هێرشەكانی داعش 98 هوتێل و ریستورانت لەشاری هەولێر داخران، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی كرا له‌گه‌ڵ گرووپە گەشتیارییەكان و ئاسانكاری ئه‌نجامدرا له‌هاتنی گه‌شتیار له‌ بازگه‌كانه‌وه‌، جوڵەیەكی گەشتیاری باش پەیدابوو، ژمارەیەك ئۆتێل كەوتنەوە كار، بەڵام  لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بازاڕی چێشتخانە و ریستۆرانتەكان دووبارە دابەزی.

بەپێی ئاماره‌كانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، 1787 چێشتخانە، ریستۆرانت و كافتریا لەهەرێمی كوردستان هەن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure