دواین هەڵوێستی موەلیدە ئەهلیەكان لەسەر مانگرتنیان

هەواڵ / کوردستان :: 06/02/2018‌ :: 1000‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی كێشەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت "تا نرخەكەیان بۆ زیاد نەكرێت و كێشەكانیان بۆ چارەسەر نەكرێت، موەلیدەكانیان ئیشپێناکەنەوە".


سەردار حاجی دەروێش، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی، بەدواڕۆژی وت "بەردەوامین لەمانگرتن و كوژاندنەوەی موەلیدەكان".

وتیشی "جێگەی داخە پێیدەڵێین كوژانەوەی موەلیدە، لەبەرئەوەی ئێمە هەڵگری دروشمێكی زۆر پیرۆز بووین، خۆشمان بە خەڵكانێك دەزانی كە كاسبییەكی زۆر جوان و بەشەرەفانەمان دەكرد بۆ روناكکردنەوەی شاری سلێمانی".

ئاماژەی بەوەشدا "لەئەنجامی ئەو ئاستەنگییانەی هێنایانە سەر رێمان، ناچارین ئێستا شاری سلێمانی تاریك بكەین، بۆیە بەردەوامدەبین لە مانگرتن هەتا ئەو دەسەڵاتە پێمان نەڵێت نرخی سلێمانی ئەگەر وەك هەولێریشی لێنەكەین نزیكی دەكەین لەو نرخەوە".

سەردار حاجی دەروێش، ئەوەشی خستەڕوو "548 موەلیدە ناسنامەی كۆمەڵەی داكۆكی لە موەلیدە ئەهلییەكانیان هەیە لەشاری سلێمانی، 38 موەلیدەش لەناو بازاڕ كاردەكەن و كارەبا دەدەن بە دوكانەكان، ئێستا سەرجەمیانمان كوژاندۆتەوە".

بەهۆی كەمیی نرخەكانیان و نەدانی گاز پێیان، لەدوێنێوە موەلیدە ئەهلییەكانی شاری سلێمانی مانیان گرتووە لەكاركردن و كاریان پێناكرێت، حكومەتی خۆجێیی سلێمانیش رەتیدەكاتەوە نرخ بۆ ئەو موەلیدانە زیاد بكات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure