بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی گەنمەکانیان جوتیارانی هەڵەبجە گردبوونەوە

هەواڵ / کوردستان :: 05/02/2018‌ :: 290‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
لەبەرامبەر خەرجنەکردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 ، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە جوتیارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور گردبوونەوە و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیشدا داواکارییەکیان ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی کرد.

دوابەدوای گردبوونەوەکەیان هۆشمه‌ند قادر، به‌ناوی جوتیارانی سنوری پارێزگای هه‌ڵەبجه‌وه‌ بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێمە بەهاوڵاتی عێراق دەزانێت، داوادەکەین جیاوازی نەکات لەنێوان جوتیاری پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، چونکە تائێستا ئێمە بەتەواوی پارەی گەنمی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦مان بۆ خه‌رج نه‌کراوه‌، بۆ جوتیارانی عێراق خەرجکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، درێژە بەگردبوونەوەو ناڕەزایەتییەکانمان دەدەین تا ئەو کاتەی حکومەتی عێراق وەڵامی داواکارییەکانمان دەداتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارمانداوە کە سبەینێ لەبەردەم نوسینگەی بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لەسلێمانی دووبارە دەستبکەینەوە بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا بورهان شێخ عیزه‌دین به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد، ئێمه‌ له‌ساڵی ٢٠١٣ تا ئه‌مساڵ بڕی ١٢٠ هه‌زار ته‌ن گه‌نممان لەجوتیاران وه‌رگرتووه‌ بەشێوه‌یه‌کی گشتیش به‌ ڕێژه‌ی له‌٦٥٪ پاره‌که‌یان وه‌رگرتووه‌ ئەوەشی کە ماوە هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆخەرجکردنی.

ئەوەشی خستەڕوو، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ڕێژه‌یه‌ک له‌و پاره‌یەش ببڕێت کەلای حکومەتی عێراقی ماوە، بۆیە ئەمە ستەمە لەجوتیارانی هەرێم دەکرێت و دەبێت بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەمە ڕازی نەبن، چونکە ئێمە لەسەر داوای وەزارەتی بازرگانی عێراق گەنممان لە جوتیاران وەرگرتووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure