رێژەی سەوزایی لەشاری سلێمانی لە ستانداردی جیهانی نزیكە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/02/2018‌ :: 359‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ
رێژەی سەوزایی لەشاری سلێمانی، سەرباری قەیرانەكان، لەئاستێكی باشدایە و بەروارد بە پێوەرەكانیش، لەستانداردی جیهانی نزیكبووەتەوە. 

كامەران محەمەد ساڵح بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی، بە دواڕۆژی راگەیاند،  بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت رێژەی سەوزایی 15% بێت، ئەوەش بەپێی رێژەی دانیشتوان دیاریی دەكرێت و لە باخ و درەخت و چیمەنەكان پێكدێت.

كامەران دەڵێت "لەساڵی 2017دا شاری سلێمانی لەڕووی سەوزاییەوە نزیكبووەتەوە لە ستانداردی جیهانی و ئێستا شاری سلێمانی، جگە لە هەواری شار، رووبەری سەوزایی تیایدا 5 ملیۆن و 650 هەزار مەتر چوارگۆشەیە بە 560  باخچە و نزیكەی 2 ملیۆن دار-یشەوە كە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان خزمەتیان دەكات، واتە هەموو كەسێك لە شاری سلێمانی درەختێكی بەردەكەوێت".

بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی وتیشی "بەپێی داتای كەشناسیی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی هەولێر، كەمترین پلەی گەرمای كوردستان و عێراق لە وەرزی هاویندا لەشاری سلێمانی تۆماركراوە، رێژەی شێ بەهەمان شێوە لە شاری سلێمانیدا بەرزترین ئاستی لە وەرزی هاویندا تۆماركردووە، هەروەك زۆرترین رێژەی بارانبارینیش لەساڵی 2016 بۆ 2017 هەر لە شاری سلێمانی تۆماركراوە، ئەمانەیش بەڵگەی ئەوەن كە رێژەی سەوزایی لەشاری سلێمانی نزیكە لەستانداردی جیهانییەوە".

لەبارەی كاریگەریی قەیرانی دارایی لەسەر فراوانكردنی رێژەی سەوزایی، كامەران محەمەد ساڵح ئەوەی روونكردەوە كە لە ماوەی سێ ساڵی قەیرانەكاندا، شاری سلێمانی لەڕووی سەوزاییەوە گەورەترین زیانی بەركەوتووە، چونكە بە رەسمی 257 باخچە بۆ شاری سلێمانی دیاریی كراوە كە سنوورەكانیان دانراون و ئامادەكراون بۆ سەوزكردن، هەروەها چەندین بلورایش لە بەرنامەی سەوزكردندا بوون، بەپێی پلانەكانیش ساڵانە 50 باخ-یان سەوزكردووە، هاوكات لەبەرئەوەی كە مووچەی كارمەندەكانیان كەمبووەتەوە وەك پێویست كارەكانیان بۆ راناپەڕێنرێت. هەروەك ئەو بودجەیەی ساڵانە هەیانبووە بۆ درووستكردنی باخچە، لە 3 ملیار دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ 20 ملیۆن دینار، ئەمەش كاریگەرییەكی ئەوەندە گەورەی لەسەر جێهێشتوون كە نەتوانن، باخچە دروستبكەن و ئامێر و كەرەستەكانی باخداریی چاكبكەنەوە.

هەروەها وتی "لە ساڵی 2008ەوە پێنج فێستیڤاڵی گوڵ-مان ئەنجامداوە بۆ رێنمایی خەڵك و ئەوەش كاریگەریی لەسەر كێرڤی هۆشیاریی هاووڵاتیان هەبووە، بە جۆرێك ئێستا وایلێهاتووە هاووڵاتیان دەیانەوێت بە دیزانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان باخ دروستبكەن و سێ هاووڵاتی لە 2017 دا سێ باخچەیان دروستكردووە، هەروەك دیاردەی سەوزكردنی بەردەرگای ماڵانیش زیادی كردووە". 
شارەوانییەكانیش بەبێ رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان مۆڵەتی دروستكردنی بینا بازرگانییەكان نادەن، ئەمەش هاوكارێكی باشە بۆ پارێزگاریی لەو رێژە سەوزاییەی كە هەیە".

لەبارەی لێپێچینەوەكانیش بەرامبەر بەو كەسانەی زیادڕۆیی دەكەن، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی وتی "زیادەڕۆییەكانی وەك بڕینەوەی درەخت و شێواندنی سەوزاییەكان، لێپێچینەوەی یاساییان بەرامبەر دەكرێت. بۆ ئەوەش بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و ئاسایش هاوكاریمان دەكەن و دوای بەدواداچوونی ورد بۆ هەر پێشێلكارییەك رێوشوێنەكان دەگرنەبەر".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure