له‌ ئه‌مڕۆه‌ موه‌لیده‌ ئه‌هلیه‌كانى سلێمانى كاره‌با له‌ هاوڵاتیان ده‌كوژێننه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 05/02/2018‌ :: 642‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
خاوه‌نی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانی شاری سلێمانی بڕیاریانداوه‌ به‌هۆی جیاوازی نرخ و جێبه‌جێنه‌كردنی داواكاریه‌كانیانه‌وه‌، له‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌وه‌ 5ی شوبات، كاره‌بای موه‌لیده‌ له‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی شاره‌كه‌ بكوژێنه‌وه‌.


سه‌ردار حاجی ده‌روێش، سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی كێشه‌ی موه‌لیده‌ ئه‌هلیه‌كانی سلێمانی، به‌ دواڕۆژى وت "له‌نێوان پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ جیاوازیه‌كی زۆر له‌ بڕی كاره‌بای موه‌لیده‌ ئه‌هلیه‌كان ده‌كرێت".

وتیشی "پارێزگای هه‌ولێر بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێك بڕی 46 دینار وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ئێمه‌ داوای 45 دینارمان كردووه‌، كه‌چی ئیداره‌ی سلێمانی 42 دیناری داناوه‌، له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ مه‌ودایه‌كی نزیكمان هه‌یه‌ بڕی 45  دینار وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ئێمه‌ نازانین بۆچی ته‌نها له‌ پارێزگای سلێمانی پاره‌ی موه‌لیده‌ ئه‌هلیه‌كان كه‌م ده‌كرێته‌وه‌".

سه‌ردار حاجی ده‌روێش، باسی له‌وه‌شكرد "به‌دواداچونمان بۆ كێشه‌كانمان كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا وه‌ڵامی ھیچ هه‌وڵێكمان نه‌دراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی ئێمه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆیه‌ داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی شاری سلێمانی ده‌كه‌ین، بڕیارمانداوه‌ له‌ پاشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆوه‌ كاره‌بای موه‌لیده‌ ئه‌هلیه‌كان بكوژێنینه‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی داواكاریه‌كانمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure