38 حزب و پارتى كوردى له‌ بڕۆكسل له‌سه‌ر هێرشى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین دێنه‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستانی :: 06/02/2018‌ :: 174‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
نوێنه‌رانى 38 حزب و پارتى كوردى له‌ بڕۆكسل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، داوا له‌ كوردستانیانی هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستان ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین بێده‌نگ نه‌بن و به‌ردوام بن له‌سه‌ر ئیدانه‌كردنى هێرشه‌كان، حزبه‌ كوردییه‌كان داوا له‌ روسیا ده‌كه‌ن نه‌بێته‌ هاوكارى توركیا.

یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی 38 حزب و پارته‌ كوردییه‌كان کۆبوونەوەی چواردەمینى حزبه‌كان لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بڕۆکسل بەڕێوەچوو، كه‌ تیادا له‌و کۆبوونەوە بە پەلەیەدا بارودۆخی عەفرین و هێرشه‌كانى توركیا تاوتوێكرا.

له‌دواى ته‌واوبونى كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ راگه‌یاندراوی حزب و پارته‌ كوردییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ هێرشی دەوڵەتی تورکیا بە تەنیا لەسەر عەفرین نییە، به‌ڵكو لە سەر هەموو کوردستانەو دەوڵەتی تورکیا نەیاری سەرەکی گەلی کوردستانە، بۆیه‌ پێویستە هەموو کوردستانیان لە دژی ئەو دوژمنکاری و هێرشانە راوەستن و عەفرین بپارێزن.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا، حزبه‌كان داوا له‌سه‌رجه‌م حزب و رێكخراوه‌كانى چوارپارچه‌ى كوردستان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین و رۆئاواى كوردستان بێده‌نگ نه‌بن و به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئیدانه‌كردنى هێرشه‌كان.

له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى روسیا، له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "هەڵوێستی دەوڵەتی روسیا لە عەفرین شەرمەزارکرا، ئەو هەڵوێستە بە شایانی گەلی روسیا نازانین، داوا لە رێبەرایەتی روسیا ئەکەین بە زووترین کات ئەو هەڵوێستە نەشیاوەی بگۆڕێت و نەبێتە هاوکاری تورکیا".

هاوكات له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى، راگه‌یاندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت "هەڵوێستی دەزگا نێونەتەوەییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ، ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپا لەسەر پرسی عەفرین، بە لاواز و دوور لە پێوان و پرەنسیپە ئەخلاقی و مرۆییەکان ئەبینین. داوا لەو دەزگاو وڵاتانە دەکەین بە راشکاویی دژی ئەو هێرشکارییەی دەوڵەتی تورکیا راوەستن و هێرشەکان رابگرن".

له‌ كۆتایى راگه‌یاندراوه‌كه‌دا، رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێرشی تورکیا دژی بنەماو یاساو پەیمانە نێونەتەوەییەکانەو هێرشه‌كان بۆ سەر عەفرین و تاوانکارییە دڕندانەکانی لەو هەرێمە، پێشێلکردنی بنەما یاساییەکانە و بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەژمێررێن. هاوکاریی تورکیا بۆ ئەلقاعیدە و پاشماوەکانی داعش، هەروەها هێرشکردنە سەر عەفرین، تێکۆشان لە دژی داعش لاواز ئەکات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure