حكومه‌تى هه‌رێم دەیان ملیار دیناری توێژێکی بردووەو نایداتەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 04/02/2018‌ :: 1102‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ته‌ندروستى و ژینگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌ت سه‌رجه‌م پاره‌ى سندوقى تووشبووانى شێرپه‌نجه‌ى خه‌رجكردووه‌و ئاماده‌نییه‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆیان، ده‌ڵێت "داواكارى گشتى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پاره‌كه‌ كارى كردووه‌، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بووه‌".


حكومه‌تى هه‌رێم به‌ بیانوى "قه‌یرانى دارایی"، بڕى 72 ملیار دینارو بڕى یه‌ك ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دۆلارى له‌سندوقى كۆمه‌كى توشبوانى شێرپه‌نجه‌ بردووه‌و خه‌رجیكردووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن خێرخوازان و كۆمه‌كبه‌خشان كۆكراوه‌ته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ته‌ندروستى و ژینگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "حكومه‌ت له‌جێگه‌ى هاوكاریكردنى تووشبوانى شێرپه‌نجه‌، زیانى زۆرى پێگه‌یاندوون و سه‌رجه‌م ئه‌و پاره‌ى بردووه‌ كه‌ له‌ سندوقى كۆمه‌كى شێرپه‌نجه‌ دانرابوو".

وتیشى "له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان توانیمان یاداشتێك بۆ داواكارى گشتى هه‌رێم به‌رزبكه‌ینه‌وه‌و له‌سه‌ر یاداشته‌كه‌ داواكارى گشتى هاتۆته‌ده‌نگ و رێككارى گرتۆته‌به‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پاره‌كه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بووه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان رونیشیكرده‌وه‌، بردنى ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ بیانوى قه‌یرانى دارایییه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمەوە بووه‌، به‌ڵام به‌پێى به‌واداچوونه‌كانمان ده‌ركه‌وتووه‌ حكومه‌ت ئاماده‌نییه‌ پاره‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

له‌باره‌ى خه‌رجكردنى پاره‌كه‌، دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو له‌سه‌ر به‌كارهێنانى پاره‌كه‌ لێدوان بده‌ن.

سندوقى كۆمه‌كى توشبووانى شێرپه‌نجه‌، به‌ یاساى ژماره‌ 11ى ساڵى 2012 په‌رله‌مانى كوردستان دامه‌زراوه‌و به‌پێى یاساكه‌ ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجكردنى پاره‌كه‌ ده‌بێت، ته‌نیا بۆ بوارى شێرپه‌نجه‌ خه‌رجبكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure