زۆرترین رێژەی تووشبوون بەشێرپەنجە لەهەولێرە

هەواڵ / کوردستانی :: 04/02/2018‌ :: 442‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی
لەسنووری پارێزگای هەولێر دوو هەزار و 812 كەس وەك تووشبووی تازە بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراون لەو ژماره‌یه‌ش زیاتر 52%یان ژنن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی شوباتی 2018، كۆنفرانسێك بۆ خستنەڕووی ئامار و هۆكارەكانی تووشبوون بەنەخۆشییەكانی شێرپەنجە و چۆنیەتی خۆپاراستن و چارەسەری ئەنجامدرا.

لەمیانەی كۆنفرانسەكەدا سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند "لەساڵی 2017دا لەسنووری پارێزگای هەولێر دوو هەزار و 812 كەس بۆ یەكەمجار وەك تووشبوو بەنەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراون كە لەو رێژەیە لە 52.47% یان ئافرەت و 47.6% یان پیاون.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ‌ وەزارەتی تەندروستی ئامارێكی بڵاوكردەوە كە لەهەرێمی كوردستان لەساڵی رابردوو چوار هەزارو 808 كەس وەك تووشبووی شێرپەنجە تۆماركراون كە لەو رێژەیە زۆرترینی لە هەولێر بووە. 

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، بڕی ئەو بوجەیەی لەساڵی رابردوو بۆ چارەسەرییەكانی نەخۆشی شێرپەنجە خەرجكراوە، بریتیبووە لە 35 ملیارو 942 ملیۆن و 800 هەزار دینار، كە لەلایەن حكومەت و سندوقی كۆمەكی شێرپەنجە دابینكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆرترین ئەو خزمەتگوازییانەی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دابیندەكرێن، لەلایەن نەخۆشخانەی نانەكەلییەوە بووە كە پرۆژەیەكی خێرخوازییە.

بەپێی ئامارێك ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان بڕی یەك ترلیۆن و 16 ملیار دۆلار بۆ نەخۆشی شێرپەنجە خەرجدەكرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە