گۆڕانكاری له‌ پشكی كورد له‌ بودجه‌ی عێراقدا دەكرێت

هەواڵ / ئابوری :: 04/02/2018‌ :: 1931‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
په‌رله‌مانتارێكى كورد رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی تەنگژە ئابوورییەكانی هەولێر و بەغدا رێككه‌وتوون.


رۆژی 2ی شوبات حه‌یده‌ر عەبادی، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌باره‌ی پرسی بودجه‌و كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق كۆبۆوه‌، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراقیش ئاماژه ‌به‌وه ‌ده‌كات، سه‌رۆك وه‌زیران ره‌زامه‌ندی داوه‌ بە دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و ئه‌ندامه‌ كورده‌كانی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌مه‌به‌ستی رێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌ی 2018ی عێراق.

نه‌جیبه‌ نه‌جیب، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "لەسەر پێشنیازی عەبادی لیژنەیەکی هاوبه‌ش لەنێوان ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و وەزارەتی دارایی پێکهێنرا، ئه‌مڕۆ یەکشەممەش لیژنەکە دەست بە کارەکانی دەکات، ئامانج له‌ دروستكردنیشی جێكردنه‌وه‌ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی كورده‌ لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی، ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، فراکسیۆنە کوردییەکان له‌سه‌ر پشکی هەرێم و شایستە داراییەکانی هه‌رێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتووگۆ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن رێژەیەکی گونجاو بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریبكه‌ن و پاشان سه‌رۆك وه‌زیرانی لێ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌.

ئاشكراشیكرد، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەی 17%ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی راگرتووە، تا ئەوکاتەی فڕاكسیۆنه‌ كوردییه‌كان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق رێكده‌كه‌ون لەسەر دەستنیشانکردنی بڕی ئەو بودجەیەی كه‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان پێی رازیده‌بن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure