پێنجوێن: چوار راوچی دەستگیردەكرێن

هەواڵ / کوردستان :: 03/02/2018‌ :: 259‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
ئێوارەی ئەمڕۆ 3ی شوباتی 2018 لەسنووری قەزای پێنجوێن، چوار راوچی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێنەوە دەستگیركران.


لەوبارەیەوە، هێمن كەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، بەدواڕۆژی راگەیاند، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی پارێزگاریكردن لەسروشت و ژینگەی ناوچەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەسنووری قەزای پێنجوێن و لەهەڵمەتێكی هێزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێندا، توانرا چوار هاووڵاتی لەكاتی راوكردندا دەستگیربكرێن.

وتیشی "هۆكاری دەستگیركردنەكەیان پەیوەندی بەوەوە هەیە كە دیاردەی راوكردن لەم وەرزەدا قەدەغەیە و پێچەوانەی رێنماییەكانی پۆلیسی دارستانیشە".

روونیشیكردەوە "ئەو چوار كەسە سەرقاڵی راوكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی بوون و  لەهەمانكاتیشدا، دەستگیراوە بەسەر چوار تاپڕ و (٣٧) گولەی تاپڕدا".

ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا لەسەر بڕیاری دادوەری دادگای پێنجوێن، پاش دەستگیركردنیان دۆسیەی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure