"910 پیاو به‌یاسایی ژنی دووه‌م و سێیه‌میان هێناوه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 03/02/2018‌ :: 1340‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
له‌ماوه‌ی 7 ساڵدا 22 هه‌زار كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان، گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیرییان كردووه‌ و 50%ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش به‌مه‌به‌ستی هێنانی ژنی دووه‌م و سێیه‌م بووه‌.

بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لەماوەی حەوت ساڵ ‌و شەش مانگدا، واتە لەسه‌ره‌تای ساڵی 2010 تاوه‌كو شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2017 لەسه‌رجه‌م دادگاكانی هەرێمی كوردستان، 331 هەزار و 540 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆماركراون و له‌به‌رامبه‌ریشدا 22 هەزار و 873 حاڵەتی مارەبڕین لە دەرەوەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون كە تەمەنیان لەنێوان 15 تاوەكو 30 ساڵاندا بووە، دواتر لە هەرێمی كوردستان پەسەندكراون.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، ئاشكراشیكردووه‌، لەماوەی ئه‌و حەوت ساڵه‌دا 910 پیاو بە یاسایی ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەمیان هێناوە.

له‌هه‌مانكاتدا 22 هەزار و 873 مارەبڕینی دەرەكیش لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، كه‌ له‌ 50% ئه‌و ماره‌بڕینانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێم بۆ هێنانی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم بووە.

ئه‌نجومه‌نی داده‌وه‌ری ڕاشیگه‌یاندووه‌ "ئەو گرێبەستانە لەدادگاكانی عێراق و ناوچە كێشە لەسەرەكان تۆماركراون و دواتر لەلایەن دادگاكانی كوردستانەوە پەسەندكراون".

لای خۆیه‌وه‌ كورده‌ عومه‌ر، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ساڵ بەساڵ ئاماری گرێبەستەكانی هاوسەرگیری بۆ ژنی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م ڕوو له‌زیادبوون ده‌كه‌ن، یاسای باری كه‌سێتی ساڵی 2017 رێگری زۆری له‌ هێنانی ژنی دووه‌م و سێیه‌م كردووه‌، به‌ڵام گه‌وره‌ترین كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆرێك له‌و گرێبه‌ستانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، په‌ره‌سه‌ندی ئه‌و حاڵه‌ته‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پارێزگاكانی عێراق كاری پێناكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاتنی ئاواره‌كان كارئاسانی بۆ پیاوانی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ ژنی دووه‌م بێنن به‌ تێچوونێكی كه‌م.

وتیشی "له‌ دادگاكاندا لێپرسینه‌وه‌ی پێویست نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌و پیاوانه‌ی ژنی دووه‌م ده‌هێنن و ژنی یه‌كه‌م سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمارده‌كات، كە له ‌دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ زیاتر هه‌ستی پێده‌كرێت و دادگاكان چاودێرییان له‌سه‌ر نییه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure