حكومه‌تى هه‌رێم لارى نییه‌ له‌ داخستنى خاڵه‌ گومرگییه‌ نا فه‌رمییه‌كان

هەواڵ / ئابوری :: 02/02/2018‌ :: 444‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى دارایى رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و خاڵه‌ گومرگییه‌ نافه‌رمییانه‌ى له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ بڕیارى داخستنیان دراوه‌ خه‌ڵكى قاچاخى پێدا تێپه‌ڕده‌بێت، ده‌شڵێت لاریان نییه‌ له‌ داخستنى ئه‌و خاڵه‌ گومرگییه‌ نا فه‌رمییانه‌. 


له‌ رۆژى 1ى شوباتى2018، له‌ دواین ئاگادار كردنه‌وه‌دا حكومه‌تى عێراقى بڕیاریدا سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومرگییه‌ نافه‌رمییه‌كانى هه‌رێم دابخرێن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داواى له‌ پاسه‌وانانى سنووره‌كانى هه‌رێم كرد پابه‌ند بن به‌ داخستنى ئه‌و خاڵه‌ گومرگییانه‌و ماوه‌ى 24 كاتژمێرى دیارى كرد.

به‌پێى بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراقى بێت پێویسته‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2ی شوبات سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنوورییه‌ نافه‌رمییه‌كانى هه‌رێم دابخرێن. 

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لى, بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی ومافی بەکاربەر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ هێزەکانی پاسەوانی سنوری هەرێمیان کە سەر بە حکومەتی فیدڕاڵن ئاگادارکردۆتەوە تاوه‌کو ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ داخستنی سەرجەم مەرزەلاوەکیەکان لەماوەی 24 کاتژمێردا .

وتیشى، تائێستا  داخستنی ئەو مەرزو دەروازە لاوەکی و نافەرمیانه‌ له‌به‌ر چییه‌ ڕوون نەکراوەتەوە.

به‌ پێى ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان دەیان مەرزو دەروازەی نیمچە فەرمی و لاوەکی لەسنورەکانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هەن کە بژێوی ژیان وگوزەرانی هەزاران خێزان و هاوڵاتی هەرێمیان لەسەرەو بەداخستنی یەکجاری ئەو مەرزو دەروازانە هەزاران هاوڵاتی تری ئەم هەرێم لەم دۆخە خراپەی دارایی و بێ موچەییەدا بێکار دەبن و کاریگەریش دروست دەکەن لەسەر چۆڵبونی زیاتری گوندەکان بەتایبەت ئەو گوندانەی کە مەرزی لاوەکیان لێوە نزیکە یاخود پێیدا دەڕوات. 

له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی ومافی بەکاربەر رایگه‌یاندووه‌، ئەم مەرزو دەروازە لاوەکیانە ڕۆڵێکی زۆر باشیان بینی لەڕاگرتنی نرخی کاڵاوشمەک و بەرز نەبوونەوەی نرخەکانیان لەو چەند مانگەی کە دەروازە نێودەوڵەتیەکانی باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانی هاو سنور بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆماری ئیسلامی ئێران داخرابوون وجموجۆڵی بازرگانیان تێدا وەستێنرابوو.

له‌به‌رامبه‌ردا ساماڵ عه‌بدولره‌حمان, به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گومرگى هه‌رێم له‌ وه‌زاره‌تى دارایى لەلێدوانێکیدا بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، ئه‌و بڕیاره‌ى حكومه‌تى عێراقى له‌ 26ى ئه‌یلولى ساڵى رابردوو دراوه‌و تا ئێستا نه‌چۆته‌ بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گومرگى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، داخستنى ئه‌و گومرگانه‌ى نا فه‌رمین كه‌ حكومه‌تى عێراقى بڕیارى له‌سه‌رداوه‌ هیچ لارییه‌كمان نییه‌، به‌ڵام پێویسته‌ داخستنه‌كه‌ له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كى چاودێرییه‌وه‌بێت، به‌ڵام بۆ خاڵه‌ گومرگییه‌ فه‌رمییه‌كان ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى لێك تێگه‌یشتن بێت و گفتوگۆ له‌ نێوان وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم و حكومه‌تى عێراقى ئه‌نجام بدرێت. 

دەشڵێت " له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى به‌غدا له‌ گفتوگۆداین بۆ ئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندییان بۆ وه‌ربگیرێت، له‌ ماوه‌كانى رابردووش شاندێكى حكومه‌تى عێراقى سه‌ردانى خاڵه‌ سنورییه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كردو راپۆرتى خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ كردووه‌ بڕیاروایه‌ له‌ داهاتوو به‌ فه‌رمى له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌ دانى پێدا بندرێت". 

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و خاڵانه‌ى كه‌ حكومه‌تى عێراقى ناوى لێناون خاڵى گومرگى نا فه‌رمى ئه‌مانه‌ خاڵى گومرگى نین، به‌ڵكو رێگاى نا فه‌رمین كه‌ خه‌ڵكى قاچاخ پێیدا تێپه‌ڕده‌بن، ئه‌و رێگایه‌نه‌ش هه‌ر كه‌سێك دایده‌خات با دایبخات و هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌وباره‌یه‌وه‌ نییه‌. 

ئاشكراشیكرد، گه‌ر ئه‌و رێگا نا فه‌رمییانه‌ دابخرێن پێویسته‌ به‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم و بێت و خودى وه‌زیرى دارایى هه‌رێم ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بدات. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure