یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لیستێکی عەرەبی لە سه‌ڵاحه‌دین هاوپه‌یمانی ده‌به‌ستێت

هەواڵ / کوردستانی :: 02/02/2018‌ :: 263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌گه‌ڵ لیستێكی عه‌ره‌بیدا له‌سنوری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین رێككه‌وتنی ئه‌نجامداوه‌ تاوه‌كو له‌رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ كاندیدی هه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.


مه‌لا كه‌ریم به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حەمرینی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی 2ی شوبات به‌ دواڕۆژ ی وت "له‌گه‌ڵ لیستی جه‌ماهیری عه‌ره‌بی له‌سنوری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین دانیشتنێكمان كردووه‌و گه‌یشتوینه‌ته‌ نیمچه‌ رێككه‌وتنێك بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدێكی یه‌كێتی له‌نێو لیسته‌كه‌ی ئه‌واندا به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات".

وتیشی "ئه‌و لیسته‌ له‌لایه‌ن " ئه‌بو مازن" پارێزگای ئێستای سه‌ڵاحه‌دین سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت".

به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌رابردوودا چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ حزبه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌دا كردووه‌و نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك، چونكه‌ به‌وته‌ی ئه‌و " بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شداری نه‌كردووه‌و پارتیش كشاوه‌ته‌وه‌ " له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌دا نه‌یانتوانیوه‌ رێككه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوو كاندید به‌شداریبكه‌ن له‌یه‌كێك له‌لیسته‌كانی سه‌ڵاحه‌دیندا".

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری هاوپه‌یمانێتی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و لیسته‌ عه‌ره‌بییه‌دا، مه‌لا كه‌ریم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ كورد له‌رابردوودا به‌لیستی سه‌ربه‌خۆ نه‌یتوانی له‌سنوری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بگاته‌ هاوبه‌شی هه‌ڵبژاردن " قاسم ئینتیخابی" بۆیه‌ ده‌ستبه‌رداری لیست دروستكردن بووه‌.

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure